رووداو دیجیتاڵ
لویس ئێنریکێ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان، لەبارەی دەنگۆی رۆیشتنی کیلیان ئێمباپێ لە یانەکە وەڵامی رۆژنامەڤانان دەداتەوە و دەڵێت "پێشتریش گوتوومە یانەکە لەسەرووی هەموو یاریزانەکانەوەیە."
ئێنریکێ لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی یانەکەی بەرامبەر نانت، کە رۆژی شەممە بەڕێوەدەچێت لەلایەن رۆژنامەڤانانەوە پرسیاری لێکرا، سەرەتا گوتی "نەخێر، ناتوانم هیچ بڵێم."
دوای ئەوە راهێنەرە ئیسپانییەکە بە رۆژنامەڤانانی گوت "هەوڵدەدەم وەڵامبدەمەوە بۆ ئەوەی زیاتر لەبارەی ئەم بابەتەوە قسە نەکەم، تاوەکو ئەو کاتەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لێدوان نەدەن، من ناتوانم هیچ لێدوانێک لەبارەی شتێکەوە بدەم، هەروەها کیلیان ئێمباپێ بە ئاشکرا نەهاتووەتە دەرەوە و هیچ کەسێکیش لە یانەکە بە ئاشکرا دەرنەکەوتووە، کەواتە من راهێنەرم و ئەمەش دۆخەکەیە، کاتێک لایەنەکان قسەدەکەن من بە خۆشحاڵییەوە بۆچوونی خۆم دەڵێم."
ئێنریکێ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت "ئێمە بەردەوامین لە کارکردن لێرە بۆ ئەوەی هەوو ساڵێک تیپێکی باشترمان هەبێت، هەمیشە و کاتێک شەش مانگ لەمەوبەر گەیشتمە ئێرە گوتوومە تیپەکە لەسەرووی هەموو یاریزانەکانەوەیە، ئایا هەمان سیاسەت بۆ یانەکە بەردەوامە؟ ئەوە پەیامی ئێمەیە، یانەکە و تیپەکە لەسەرووی هەموو یاریزانەکانەوەیە، لێرە بەدواوە کاتێک لایەنە پەیوەندیدارەکان کە پێموایە دەبێت ئەوان قسەبکەن، قسەیان کرد، ئەو کاتە منیش وەکو راهێنەر بۆچوونی خۆم دەبێت."
ئەم قسانەی راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمان لەبارەی کیلیان ئێمباپێوە، لەکاتێکدان لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا هەواڵی چوونی ئەستێرە فەرەنسییەکە لە یانەی پاریس سانجێرمان میدیای جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.
گرێبەستی ئێمباپێ لەگەڵ پاریس سانجێرمان لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا کۆتاییدێت، میدیای ئیسپانیا دەڵێت "هەر کاتێک بەفەرمی رۆیشتنی ئێمباپێ راگەیێنرا، ریال مەدرید بەفەرمی داوای یاریزانەکە دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ