ئێمباپێ گڕ بەردەداتە پاریس

16-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەنگاوەکانی بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەی ئێمباپێ دەستپێکردووە و چەند یاریزانێک لە پلانەکانی یانەکەدان، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی داهاتوودا گرێبەستی لەگەڵ بکات.
 
ئێمباپێ لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریسییەکان کۆتاییدێت، راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن "ئەو یاریزانە بە پاریس سانجێرمانی گوتووە لە یانەکە دەڕۆم."
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی لێکیپی فەرەنسی، چەند ناوێک لەسەر مێزی پاریس سانجێرمانن، یانەکە کار بۆ گواستنەوەیان دەکات، کە دیارترینیان محەممەد سەڵاح، ئەستێرەی میسری و یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزییە.
 
سەڵاح ماوەیەکی زۆرە ناوی بە پاریس سانجێرمانەوە بەستراوەتەوە، کارگێڕیی یانە فەرەنسییەکە ئێستا زیاتر لە هەموو کاتێک پێویستی بەو یاریزانەیە، بەتایبەت کە کیلیان نزیکە لە چوونە دەرەوە لە یانەکە.
 
رۆژنامەکە دەڵێت "لەگەڵ چوونی ئێمباپێ پاریس سانجێرمان 3 گرێبەست واژۆ دەکات، یاریزانێکی خێرا بۆ شوێنی ئێمباپێ، ناوەڕاستکارێک و یاری درۆستکەرێکی باش."
 
جگە لە سەڵاح ڤیکتۆر ئۆسیمێن، هێرشبەری نەیجیری و یانەی ناپۆلی، سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی نوێکراوەتەوە و مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 135 ملیۆن یۆرۆیە، یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی پاریس سانجێرمان دەیەوێت گرێبەستی لەگەڵ واژۆبکات، لە ئەگەری شکستهێنانی بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانەش فەرەنسییەکان کار بۆ گواستنەوەی رافایێل لیاو، هێرشبەری یانەی میلان دەکەن.
 
لە هێڵی ناوەڕاستدا پاریس سانجێرمان چاودێریی چەند یاریزانێک دەکات، بێرناردۆ سیلڤا، لە مانچێستەر سیتی، لێنی یۆرۆ لە لیلی فەرەنسی، برونۆ گیمارێش، لە نیوکاسڵی ئینگلیزی و جۆشوا کیمیچ، لە بایرن میونشنی ئەڵمانی ئەو یاریزانانەن کە پاریسییەکان کار بۆ گواستنەوەیان دەکەن.
 
جگە لەو یاریزانە نوێیانەی پاریس دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات، لەسەر بڕیاری لویس ئێنریکێ، چاڤی سیمۆنز، دەگەڕێتەوە یانەکە کە ئێستا بەشێوەی خواستن لە یانەی لایپزیگ یاریی دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە