لێدوانی فەرمی ئارسیناڵ لەبارەی گواستنەوەی ئێمباپێ

16-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەی ئارسیناڵ، وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە کە باس لە رکابەریکردنی یانەکەی دەکەن لەسەر گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا.
 
لە ماوەی چەند کاژێری رابردوودا، ناوی کیلیان ئێمباپێ بە یانەی ئارسیناڵەوە بەستراوەتەوە، کە گوایەوە ئەو یانەیە دەیەوێت لە گواستنەوەی هاوینی داهاتوودا رکابەری یانەی ریال مەدرید بکات، لەسەر بەدەستهێنانی تواناکانی یاریزانە فەرەنسییەکە بۆ یانەکەی.
 
بەستنەوەی ناوی ئێمباپێ بە یانەی ئارسیناڵ لەکاتێکدایە، شەوی پێنجشەممە هەواڵی زۆر لەبارەی داهاتووی یاریزانەکە بڵاوکرانەوە، ئێمباپێ بە پاریس سانجێرمانی گوتووە لە هاوینی داهاتوودا لە یانەکە دەڕۆم.
 
لەبارەی ئەگەری گواستنەوەی ئێمباپێ لەلایەن یانەی ئارسیناڵەوە، میکێل ئارتێتا، راهێنەری یانەکە دەڵێت "کاتێک یاریزانێک لەم ئاستەدا لە بازاڕدا هەبێت، پێویستە هەمیشە لەسەر ئەو بابەتە بوەستین، بەڵام بۆ ئێستا رەنگە گواستنەوەی مەحاڵ بێت."
 
ئێمباپێ لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتاییدێت، میدیای نزیک لە یانە فەرەنسییەکە دەڵێت"راستە ئێمباپێ هەواڵی رۆیشتنی داوەتە یانەکە، بەڵام هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر شێوازی رۆیشتنی یاریزانەکە نەکراوە و پاریس سانجێرمان لە گفتوگۆکردن لەگەڵ یاریزانەکە بەردەوامدەبێت."
 
بەپێی رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، ئێمباپێ بە ریال مەدریدی گوتووە بەڵێ، ئامادەم بێمە ریال مەدرید و هاوینی داهاتوو بە ئەگەری زۆرەوە یاریزانەکە پەیوەندی بەو یانەیەوە دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە