کلینسمان لە راهێنەرایەتیی کۆریای باشوور دوورخرایەوە

16-02-2024
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یۆرگن کلینسمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور، بەشێوەیەکی فەرمی دوورخستنەوەی یۆرگن کلینسمان، راهێنەری هەڵبژاردەکەی راگەیاند.
 
چۆنگ مۆنگ جیۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، دوای هەڵسەنگاندنێکی ورد بڕیارماندا بە دوورخستنەوەی کلینسمان."
 
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دەڵێت "کارکردن و توانای رکابەری کلینسمان وەک راهێنەر لە ئاست چاوەڕوانییەکاندا نەبوو، بۆیە بەر لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بڕیاری دوورخستنەوەیمان لە پۆستەکەیدا."
 
دوای دوورخستنەوەی راهێنەرە ئەڵمانییەکە، کلینسمان لە پەیامێکدا گوتی "وەرگرتنی راهێنەرایەتیی کۆریای باشوور وێستگەیەکی سەرسوڕهێنەر بوو، سوپاسی یاریزانان دەکەم."
 
دوورخستنەوەی یۆرگن کلینسمان، لە پۆستی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی دروستبوونی شەڕ و ئاژاوە لە ژووری جلگۆڕینی هەڵبژاردەکە پێش یاریی بەرامبەر ئوردن لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا بڵاوبووەوە.
 
بڵاوبوونەوەی ئەو هەواڵە کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و دوای ئەوە لی کانگ ئین، یاریزانی هەڵبژاردەی کۆریای باشوور دانی بەوەدانا کە لە ژووری جل گۆڕیندا شەڕ روویداوە و داوای لێبوردنی لە هاندەرانی هەڵبژاردەکەی کرد.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشوور رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکی درێژخایەنی ئەنجامدا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهاتووی هەڵبژاردەکەوە و ئەمڕۆ بەفەرمی دوورخستنەوەی یۆرگن کلینسمانی لە پۆستی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەکە راگەیاند.
 
لە کۆبوونەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆریای باشووردا، کلینسمان لە رێگەی ڤیدیۆوە لە ئەمریکاوە بەشدارییکردووە، کوان هوانگبۆ، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵبژاردەکانی کۆریا کە بەشداریی لە کۆبوونەوەکەدا کردووە دەڵێت "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیەکی زۆر کرا و گەیشتینە ئەو بڕوایەی کە کلینسمان ناتوانێت لەگەڵ هەڵبژاردەکە بەردەوامبێت، ئەو ئامادەکارییەی لەرووی تەکتیکییەوە بۆ جامی ئاسیاش کرابوو جێگەی هیوایەکی زۆر نەبوو."
 
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، بەر لە یاریی نێوان کۆریای باشوور و ئوردن، لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی ئاسیا، کە کۆریا 0-2 یارییەکەی دۆڕاند و کرایە دەرەوە، یاریزانە لاوەکان بەخێرایەکی زۆر خواردنیان خواردووە بۆ ئەوەی بچن چالێنجێک بکەن، ئەمەش سۆن هیونگ مین، کاپتنی هەڵبژاردەکەی تووڕەکردووە و کێشە کەوتووەتە نێوان یاریزانەکان و پەنجەیەکی سۆن ئازارێکی زۆری پێگەیشتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە