بنزیما مێژوویەکی دیکەی لە ریال مەدرید تۆمارکرد

16-02-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کەریم بنزیما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەریم بنزیما، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید لەسەر نووسینەوەی مێژووەکەی لەگەڵ یانە ئیسپانییەکە بەردەوامە و ریکۆردێکی دیکەی تۆمارکرد.
 
بنزیما لە یاریی بەرامبەر یانەی ئێلچی دوو گۆڵی تۆمارکرد، هەردوو گۆڵەکەی بە لێدانی سزا بوو، بەمەش یاریزانەکە ریکۆردێکی نوێی بە درێسی یانەی شاهانەوە تۆمارکرد.
 
کەریم بنزیما بە تۆمارکردنی ئەو دوو گۆڵە، بووە دووەم گۆڵکاری مێژووی یانەی ریال مەدرید لە رکابەرییەکانی لالیگادا و ژمارەی گۆڵەکانی بۆ 230 گۆڵ بەرزکردەوە و پێش رائول گۆنزالێس کەوت کە خاوەنی 228 گۆڵە.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیە و 311 گۆڵی لە رکابەرییەکانی خولی ئیسپانیادا بۆ یانە ئیسپانییەکە تۆمارکردووە.
 
جگە لە تۆمارکردنی ئەو ریکۆردە، ریکۆردێکی دیکەی تۆمارکرد و لە یارییەکەدا 10 لێدانی بۆ گۆڵ هەبوو، کە ئەمە یەکەمجارە بنزیما لە مێژووی یارییەکی لالیگادا ئەوە دەکات کە تاوەکو ئێستا 428 یاریی لە لالیگادا ئەنجامداوە.
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە بە تۆمارکردنی دوو گۆڵەکەی بەرامبەر ئێلچی ژمارەی گۆڵەکانی لەم وەرزەی خولەکەدا بۆ 11 گۆڵ بەرزکردەوە و بەجیاوازیی 3 گۆڵ لەگەڵ رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هاوشانی خوسێلۆی یاریزانی ئیسپانیۆل لە پلەی دووەمی گۆڵکارانی لالیگایە.
 
دوای تۆمارکردنی ریکۆردەکە کەریم بنزیما لە پەیامێکدا گوتی " بردنەوەیەکی دیکە لە یاریگەی خۆمان، سوپاس بۆ هاندەران، بژی مەدرید."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە