پۆچێتینۆ: بڕۆن لە ئەنچیلۆتی ببپرسن

رووداو دیجیتاڵ

 

ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دووپاتیکردەوە کە تیپەکەی شایەنی ئەوەبوو لە ریال مەدرید بباتەوە، گوتیشی "بڕۆن لە ئەنچیلۆتی ببپرسن کە بۆچی تیپەکەی گەڕایەوە دواوە".
 
لە یاریی چوونی قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگدا، پاریس سانجێرمان لەسەر یاریگەی باخچەی شازادەکان لە پاریس میوانداری ریال مەدریدی کرد و 1-0 لێیبردەوە، کە کیلیان ئێمباپێ لە خولەکی 4ـی کاتی زیادکراوەدا گۆڵەکەی پی ئێس جی تۆمارکرد.
 
ماورێسیۆ پۆچێتینۆ، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا قسەی بۆ میدیاکان کرد و گوتی "من زۆر دڵخۆشم، ئاستی تیپەکەمان بەشێوەیەکی گشتی نایاب بوو، ئێمە لە ریال مەدرید باشتر بووین و زۆر بە شایستەیی سەرکەوتنمان بەدەستهێنا".
 
راهێنەری ئەرجەنتینی یانە پاریسییەکە، زیاتر گوتی "ئەوان هەلی کەمیان دروست کرد، یاریزانانی پاریس لە بەرزترین ئاستدا بوون و یارییەکی گەورەیان ئەنجام دا".
 
پۆچێتینۆ باسی یاریی گەڕانەوەشی کرد، کە لە سانتیاگۆ برنابیۆ لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، گوتی "هێشتا یاریی گەڕانەوە ماوە، بەڵام ئەم سەرکەوتنەمان هەنگاوێکی سەرەتایی و پێویست بوو، بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بگەینینە قۆناخی هەشت".
 
کاتێکیش لێیان پرسی، ئایا ئیوە ریال مەدریدتان ناچارکرد بگەڕێتەوە دواوە؟ یان ئەوە تاکتیکی ئەنچیلۆتی بوو؟ پۆچێتینۆ لە وەڵامدا گوتی "دەبێت ئەو پرسیارە لە کارلۆ ئەنچیلۆتی بکەن، ئەو دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە".