ددان هۆکارێکی گەورەی پێکانی یاریزانانە

رووداو دیجیتال

بەردەوام تووشبوونی یاریزانان بە پێکان ئاساییە و بەڕێککەوت نییە، هەموو نهێنییەکە لە ددانی یاریزاناندایە. 

لە هەڤپەیڤینێکدا یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانیی یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی، دەڵێت "کەس لەبارەی ددانەکانمەوە پرسیاری لێنەکردووم"، پێشکەشکارەکەش پێیدەڵێت "دەی با لەبارەی ددانەکانتەوە پرسیارت لێبکەین".

لە راستیدا ددانەکان بۆ یاریزانانی تۆپی پێ زۆر گرنگترن لەوەی ئێمە بیری لێدەکەینەوە. بۆ نموونە پزیشکی ددان رۆڵێکی گەورە و کاریگەری بینیوە لە کاروانی وەرزشی فرانک ریبێریی ئەستێرەی فەرەنسی، کە لە سەرەتادا بەدەست کۆمەڵێک لە پێکانەوە دەیناڵاند.

هەرچی خۆزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالییە، بچێتە هەر یانەیەک زۆر بەیەخ بە تەندروستی ددانەکانی یاریزانانی دەدات و لەگەڵ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەر یانەیەک یاریزانەکانی ناچاردەکات سەردانی پزیشکی ددان بکەن، ئەوەش لەبەرئەوەیە کە پێیوایە یاریزان چەندە خاوەن ددانێکی باش و تەندروست بێت دەتوانێت ئاستێکی بەرزتر لەنێو یاریگەدا پێشکەش بکات.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە خۆزێ مۆرینیۆیان پرسی، پێتوایە یاریزانەکانت بایەخ بە ددانەکانیان نادەن؟ ئەو لە وەڵامدا گوتی "هەندێک زیاتر لەوانەی دیکە بایەخ بە ددانەکانیان دەدەن".

نابێ ئەوەش لەبیربکەین کە پێشتر یانەی میلانی ئیتالی رازی نەبوو عەلی سیسیکۆی بەرگریکار بباتە ریزەکانی، بەهۆی بوونی کێشە لە ددانەکانی یاریزانەکە.

لیۆناردۆ سپینازۆلای یاریزانی ئیتالی، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە کاروانی وەرزشیی خۆی دابڕیوە بەهۆی تووشبوونی بە پێکان لە ماسوولکەکانی، بەڵام دوای چوونی بۆ ریزەکانی یانەی رۆما لە ساڵی 2019 بووە یاریزانێکی گرنگی یانەکەی پایتەخت، هۆکارەکەیشی پزیشکی ددانی یانەکەبوو.

دانیێلی پۆتسێلیی پزیشکی ددانی یانەی رۆما، کێشەی نایەکسانی و نا هاوسەنگی ددانەکانی سپینازۆلای چارەسەرکرد، کە بەهۆی باشبوونی تەندروستی ددانەکانی، ئاستی یاریزانەکە بەرزبووەوە، بەڵکو رێژەی پێکانکانیشی زۆر کەمبووەوە.

دانیێلی پۆتسێلی، لەو بارەیەوە دەڵێت "لە مرۆڤە ئاساییەکاندا چارەسەرکردنی کێشەکانی ددان تەنیا دەبێتە هۆکاری تەندروست باشی ددانەکانی، بەڵام بۆ یاریزانانی تۆپی پێ ئەو کارە دەبێتە هۆکاری بەرزکردنەوەی ئاستی یاریکردنی و کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی تووشبوون بە پێکانیش".

بەپێی لێکۆلینەوەیەکی سەنتەری نێودەوڵەتی تەندروستیی دەم لە لەندەن، گواستنەوەی بەکتریا لە دەمەوە بۆ بۆڕییەکانی خوێن، رێژەی چوونی ئۆکسجین بۆ ماسوولکەکان کەمدەکاتەوە، لە کاتێکدا 40٪ـی یاریزانانی تۆپی پێ ددانەکانیان خراپن بە بەروارد بە خەڵکی ئاسایی کە ددانەکانیان بە رێژەی 30٪ خراپن، هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە یاریزانان بۆ خۆئامادەکردن بۆ یارییەکان بە باشترین شێوە، زۆر لەو خواردنانە دەخۆن کە رێژەی کاربوهیدرات تیایاندا زۆرە. هەروەها بەهۆی زۆر خواردنی شەکر، کە لە کاتی یاریکردندا دەبێتە هۆکاری دەم وشککردنیان.