حەکیمی بۆ یەکەمجار نهێنییەکی نێوان دایکی و هاوژینەکەی پێشووی ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەشرەف حەکیمی، یاریزانی مەغریبی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، دان بەو رەفتارەیدا دەنێت کە ژنەکەی تووڕە کردووە و دەڵێت "بەڵێ دایکم سەروەت و سامانم بەڕێوە دەبات".
ئەشرەف حەکیمی مەغریبی، ئەستێرەی پاریس سانجێرمان، بۆ یەکەمجار قسەی لەسەر ئەو هەواڵانە دا کە پێشتر باسیان لەوە کردووە کە پارە و موڵکەکانی خۆی بەناوی دایکی کردووە، کە ئەو بابەتە بووە هۆی تووڕەبوونی هاوژینی پێشووی، خانمە ئەکتەر هیبە عەبوک.
هیبە عەبوک دوای پەیوەندییەکی 5 ساڵە لە حەکیمی جیابووەوە و لەو ماوەیەدا دوو منداڵیان بوو، ئەمەش دوای ئەوەی هەواڵی تێوەگلانی ئەو ئەستێرە مەغریبییە لە دۆسێیەکی دەستدرێژیکردنە سەر کچێک لە پاریسدا بڵاوبووەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باس لەوە دەکەن، هاوژینەکەی حەکیمی سەری سوڕماوە لەوەی ئەشرەف هەموو پارە و موڵکەکانی بەناوی دایکییەوە کردووە، چونکە دوای دەستپێکردنی رێوشوێنەکانی جیابوونەوە، کاتێک هیبە ویستوویەتی هەندێک لە سامانی مێردەکەی وەربگرێت، بۆی دەرکەوتووە کە ئەستێرەکەی پاریس سانجێرمان هیچ سامانێکی بەناوی خۆیەوە نەبوو.
ئەو یاریزانە لەو بارەیەوە دەڵێت "لە گەنجییەوە پارەیەکی زۆرم لە تۆپی پێدا دەستکەوتووە، بەڵام نەمتوانیوە ئەو کارە بەڕێوەببەم، بنۆیە دایکم کارەکانی بەڕێوەبردووە".
ئەشرەف زیاتر دەڵێت "کاتێک دەمەوێت خانوویەک یان ئۆتۆمبێلێک بکڕم یان کاتێک پارەیەکی زۆرم دەست دەکەوێت پرس بە دایکم دەکەم".
ئەو روونیشیکردەوە کە بەڕێوەبردنی سامانەکەی لەلایەن دایکییەوە لە راستیدا هیچ پەیوەندی بە هاوسەرگیری یان جیابوونەوەی لە هاوژینەکەی نەبووە.
ئاماژە بەوەش دەکات "دایکم ئەو کەسەیە کە هەموو شتێک بەڕێوەدەبات، هەر دایکیش ئەو کەسەیە کە تۆی خۆشدەوێت پارەت هەبێت یان نەبێت، ئەو کەسەیە کە دەتوانێت پارەکەت بپارێزێت".
حەکیمی پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ دایکیدا هەیە و زۆر خۆشی دەوێت و زۆرر رێزی دەگرێت، و لەگەڵ خۆیدا دەبات بۆ زۆر لە رێوڕەسمەکانی رێزلێنان و بۆنە وەرزشییەکان و تەنانەت زۆر لە یارییەکانی تۆپی پێش.
هەروەها حەکیمی باسی لە ئەزموونی جیابوونەوەی خۆی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەو ئەزموونە وای لێکردووە کەسێکی بەهێزتر بێت و توانای مامەڵەکردنی زیاتر لەگەڵ پەیوەندییەکانی داهاتووی هەبێت، جەختیشی لەوە کردەوە کە فێری گرنگی بایەخدان بە خۆی و دەوروبەری بووە.
گرێبەستەکەی ئەشرەف حەکیمی لەگەڵ یانە پاریسییەکە لە هاوینی ساڵی داهاتوو. واتا 2026 کۆتایی دێت و دەنگۆی ئەوە هەیە کە کارگێڕیی پاریس سانجێرمان هەوڵ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەدات.