رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە رایگەیاند، محەمەد سەڵاح تەنیا یەک هەنگاو لە خولی سعودیەوە دوورە، ئاماژەی بەوەداوە کە ئامانجی داهاتوو، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و لامین یامال دەبن.
محەمەد ئەلشێخ، گوتەبێژی پێشووی فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە، لە دوای پۆستێکی ترکی ئالشێخ، سەرۆکی دەستەی خۆشگوزەرانیی سعودیە، کە وێنەیەکی محەمەد سەڵاحی یاریزانی لیڤەرپوولی بەدرێسی هیلالی سعودیەوە بڵاوکردەوە، دووپاتیکردەوە کە هەوڵی سعودیەکان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ژمارەیەک ئەستێرەی بەناوبانگ، لەسەر هێڵن.
ئەو بەرپرسە سعودیە کە بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، لە نێوەندی بڕیاربەدەستی وەرزشییەوە نزیکە، دەڵێ، "محەمەد سەڵاح تەنیا چەند مەترێک لە خولی سعودیەوە دوورە".
سەڵاح هاوینی داهاتوو گرێبەستی لەگەڵ لیڤەرپوول کۆتایی دێت، تاوەکو ئێستا یانەکە هیچ هەوڵێکی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە نەداوە و بەپێی میدیاکان، سەڵاح لە کۆتایی وەرزدا، ریزەکانی لیڤەرپوول بەجێدەهێڵێت.
ئەلشێخ، لە لێدوانی بۆ یەکێک لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکانی سعودیە دەڵێ، "محەمەد سەڵاح زۆر نزیکە لە پەیوەندیکردن بەیانەی هیلال، جیا لەوەش ئەو یانەیە هەریەکە لە لامین یامال و ڤینیسیۆس جۆنیۆری کردووەتە ئامانجی سەرەکیی داهاتووی خۆی".
ئەو بەرپرسە بەمتمانەوە دەڵێت، "ئەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما و نەیماری هێنا، ئێستا لامینی کردووەتە ئامانج و ئەوەش شتێکی نامۆ نییە".
محەمەد ئالشێخ هەروەها دەڵێ، "سەڵاح دەبێتە یاریزانی هیلال، بەڵام لەماوەی گواستنەوەی زستانەی ئێستادانا، بەڵکو لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا، چونکە هیلال نایەوێت بەرامبەر بەگرێبەستکردن لەگەڵ ئەو یاریزانە، هیچ پارەیەک بەلیڤەرپوول بدات، جیا لەوەش سەڵاح لەبەردەم شکاندنی ژمارەیە ریکۆردە لە پرێمەرلیگ و ئەوەش هەلێکی مێژووییە بۆ ئەو تاوەکو کۆتایی وەرز".
ئەلشێخ زیاتر دەڵێ، "سەڵاح لەگەڵ لیڤەرپوول گەیشتووەتە بنبەست لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەو دەیەوێت لە هیلال یاریی بکات، چونکە خولی سعودیە و ئاسیا دڵخوازن لای ئەو".
بەرپرسەکە زیاتر دەڵێ، "سەڵاح دەیەوێت ببێتە ئەفسانەی هیلال و لەگەڵ تیپەکەدا بەشداریی مۆندیالی یانەکان بکات لە ئەمریکا".
لەماوەی رابردوودا، سەرچاوەکان هەوڵەکانی سعودیەیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر دووپاتکردبووەوە بەرامبەر بە زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ، بەڵام یەکەمجارە بەرپرسێکی سعودی بەو راشکاویە باس لە هەوڵەکان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو ئەستێرانە بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ