پاتریس ئێڤرا: ئێمباپێ کاڵایەکی ساختەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن پاتریس ئێڤرا کیلیان ئێمباپێ یانەی ریال مەدرید هەڵبژاردەی فەرەنسا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پاتریس ئێڤرا، ئەستێرەی پێشووی فەرەنسا، هێرشی کردە سەر کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و هەڵبژاردەی فەرەنسا، ئەوی بە'کاڵایەکی ساختە' ناوبرد.
 
ئێڤرا، مشتومڕێکی گەورەی لە فەرەنسا دروستکرد، بەهۆی زنجیرەیەک لێدوانەوە کە تێیدا دووپاتیکردەوە، نابێ ئێمباپێ بە تیێری هێنری، ئەفسانەی پێشووی فەرەنسا بەراورد بکرێت.
 
ماوەیەکی زۆرە، ئێمباپێی خاوەن خێرایی زۆر و ئەستێرە، بە هێنری بەراورد دەکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی کیلیان نزیکبووەوە لە تێپەڕاندنی ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا و تەنیا سێ گۆڵی ماوە بۆ ئەو کارە.
 
ئێمباپێ، لەلایەن زۆر کەسەوە پەسندیی گەورەی بەدەستهێناوە، تەنانەت تیێری هێنری دانیبەوەداناوە کە ئێمباپێ لەو باشترە، بەڵام ئێڤرا بۆچوونی جیاوازی هەیە.
 
ئێڤرا قسەی بۆ 'ئاڕ ئێم سی سپۆرت' کردووە، دەڵێ، "کاتێک گوێم لێدەبێت دەڵێن ئێمباپێ باشترین یاریزانی جیهانە یان یەکێکە لە باشترینەکان، بیر دەکەمەوە، ئەو تەنانەت لە جان پیێر بابانیش نزیکنەبووەتەوە".
 
ئەو هەروەها دەڵێت، "بەراوردی ئێمباپێ بە هێنری مەکەن، ئێوە کاڵایەکی ساختەتان دروستکردووە، ئێمباپێ رەخنەی زۆری لێدەگیرێت".
 
ئەو هەروەها دەڵێ، "کاتێک باسی باشترین یاریزانی جیهان دەکەن، ئێوە بەڕاستی هێنریتان بینیووە؟ ئێوە کەسانێک گەورە دەکەن، شایستەی ئەو گەورەکردنە نین".
 
ئەگەرچی ئێمباپێ رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە، بەتایبەت پاشئەوەی لە هاوینی رابردوودا روویکردە ریال مەدرید و لەگەڵ ئەو یانەیەدا، ئاستی مایەی دڵخۆشیی هاندەرانی ریال مەدرید نییە، لەگەڵ ئەوەشدا تاوەکو ئێستا لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسا، نازناوی مۆندیال و نەیشنسلیگی بەدەستهێناوە، ئەمە جیا لەو نازناوانەی لەگەڵ یانەکان بەدەستی هێناون.
 
ئێمباپێ لەگەڵ ریال مەدرید، خەون بەبەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ و باڵۆن دۆرەوە دەبینێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە