خوان لاپۆرتا: پێتان ناڵێم لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید باسی چیمانکرد
رووداو دیجیتاڵ
خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لەو کۆنگرە رۆژنامەڤانییەدا کە لەبارەی رووداوەکانی چەند هەفتەی رابردووی یانەکەیەوە بەستی، رەتیکردەوە بەرۆژنامەڤانان بڵێت، لەگەڵ سەرۆکی ریال مەدرید باسی چییانکردووە. لاپۆرتا بەبێ ناوهێنان، سوپاسی هەڵوێستی ریال مەدریدی کرد لە دۆسێی تۆمارکردنی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر.
لاپۆرتا، لەپاش بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا و گەڕانەوەی شاندی یانەکەی بۆ بارسێلۆنا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا، هێرشی تووندی کردە سەر ئەو هاندەرانەی یانەکەی، کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئەویان دەکرد.
سەرۆکی بارسێلۆنا گوتی، "پێزانینمان بۆ هەموو ئەوانە هەیە کە متمانەیان پێمان هەبوو و داوای بەردەوامبوونیان لێدەکەم، بەڵام ئەوانەی هەلی دەربڕینی خۆشەویستییان بۆ بارسێلۆنا لەدەستدا و لەپاڵ ئەوەدا وەستانەوە کە دەیویست زیانمان پێبگەیێنێت، پێیان دەڵێم ئێوە لەپاڵ ئەوانەدا وەستانەوە کە دەیانەوێت سەقامگیریی یانەکەمان تێکبدەن".
قسەکانی لاپۆرتا بەرامبەر دەنگە ناڕازییەکانی نێو یانەکەی و ژمارەیەک لە هاندەرەکانی بوون کە بەرامبەر بەدۆسێی ئۆلمۆ، داوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی یانەکەیان دەکرد و دواتریش هەڕەشەی لێسەندنەوەی متمانەیان لێکرد.
لاپۆرتا هەروەها دووپاتیکردەوە کە ئەو بەهۆی بڕیارێکی لالیگا یان فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیاوە پاشەکشە ناکات و دەستلەکارناکێشێتەوە، ئەو گوتی، "بێئومێدم لەوانەی خەون بەسەرۆکایەتیی یانەکەوە دەبینن، چونکە کارەکە پەیوەندی بەپشتگیریی منەوە نەبوو، بەڵکو پەیوەندی بەپشتگیریی یانەکەوە هەبوو".
ئەو هەروەها، دۆخی هەفتەکانی رابردووی یانەکەی بەوپەڕی تەنگژە ناوبرد و گوتی هەمووان ئازاریان چەشت، تەنیا ئەوانە نەبێت کە لەگەڵمان نەبوون، "بارسێلۆنا داماوە ئەگەر بکەوێتە دەستی ئەوانە، هیوادارم هەرگیز ئەوە روونەدات، لەبەرئەوەی ئەوان بەرژەوەندیی خۆیان خستە پێش یانەکە".
لاپۆرتا، هەڵوەستەی لەسەر سکاڵاکانی هەندێک یانەکی ئیسپانیا کرد لە دژی بارسێلۆنا بەهۆی تۆمارکردنی ئۆلمۆ و پاو و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بێدەنگیی ریال مەدرید لە تۆمارکردنی ناوی ئەو یاریزانانە، گوتی، "پێزانینم بۆ ئەو یانانە هەیە کە هەڵوێستیان لە دژمان وەرنەگرت"، رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' ئەو رستەیەی لێدوانەکەی لاپۆرتای بەسوپاسکردنی ناڕاستەوخۆی سەرۆکی ریال مەدرید داناوە.
ریال مەدرید لە پاش تۆمارکردنی ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر، هیچ ناڕەزایەتییەکی بەرامبەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا دەرنەبڕی، لە کاتێکدا زۆرینەی یانەکانی دیکەی لالیگا، لە دژی بڕیارەکە وەستانەوە و راگەیێنراوی تایبەتیان لەوبارەیەوە دەرکرد.
لەبارەی ئەو گفتوگۆ تایبەتەی لەنێوان ئەو و سەرۆکی ریال مەدرید روویداوە، پرسیار لە سەرۆکی بارسێلۆنا کرا، بەڵام ئەو گوتی، "ئەو گفتوگۆ تایبەتانەتان بۆ ئاشکرا ناکەمە کە لەگەڵ سەرۆکی یانەکانی دیکەدا هەمبوو، بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم کە پەیوەندی بەبەرژەوەندیی گشتییەوە هەبوو، دەکرێ ئێمە رکابەربین لە یاریگەدا، بەڵام لە دەرەوەی یاریگە پێویستە بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی یەکدی بکەین".
یانەکانی وەک، ئاتلێتیکۆ مەدرید، ئیسپانیۆل، ئاتلێتیک بیلباو، سێڤییا، ڤایادۆلید، ڤیاریال، لاس پاڵماس و ڤالێنسیا لە دوای تۆمارکردنی ناوی ئۆلمۆ و پاو، لە دژی بڕیارەکە وەستانەوە.
لاپۆرتا لەبارەی ئەو یانانەوە گوتی، "ئەو یانانەی هەڵوێستیان لە دژمان وەرگرت، لەگەڵمان دانەنیشتن تاوەکو بزانن لە رووی یاساییەوە کێشەکە چۆنە، بەڵام یانەی دیکە هەبوون بەئاشکرا ناڕەزایەتییان دەرنەبڕی، چونکە ئەوان تیمی یاساییان هەیە و دەیانزانی ئێمە کارەکەمان بەپێی یاسا کردووە".
لاپۆرتا هەروەها هیچ لێدوانێکی لەبارەی قسەکانی خاڤیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لالیگاوە نەدا، کە رایگەیاندبوو بڕیاری تۆمارکردنی ئۆلمۆ و پاو نایاساییە و داوای پێداچوونەوەی دەکەن.