رووداو دیجیتاڵ
دوو یانەی ئینگلیزی چاودێری بارودۆخی یاریزانێکی یانەی بارسێلۆنا دەکەن و دەیانەوێت یاریزانەکە ببەنە ریزەکانیان.
ئانسۆ فاتی، هێرشبەری لاوی یانە کەتەلۆنییەکە لەگەڵ تیپەکەی هانزی فلیک لە دۆخێکی خراپدایە و خولەکی کەمی بۆ یارییکردن پێدراوە، بەو هۆیەوە رەنگە ئەو یاریزانە بیر لە بەجێهێشتنی یانەکە بکاتەوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا و ئینگلتەرا دەڵێن "یاریزانە 22 ساڵە لەلایەن دوو یانەی ئینگلیزییەوە چاودێری دەکرێت و چەند کەسێکی نزیکی یاریزانەکەش بە فاتیان گوتووە گرنگە بەشێوەی خواستن لە یانەکە بڕوات، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی رێکخراوتر یاری بکات."
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانیا نووسیوویەتی " یانەکانی تۆتێنهام و وێستهامی ئینگلیزی دەستەوارەیان پێشکێشی ئەو یاریزانە کردووە و هەردوو یانە بەدوای هێرشبەرێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی هێڵی پێشەوەیان بەهێزتر بکەن."
یانەی بێشکتاشی تورکی، یەکێکی دیکەیە لەو یانانەی داوای ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێت فاتی بباتە خولی سوپەرلیگی تورکیا.
سپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە فاتی سەردەمێک یەکێک بوو لە بەهرەمەندترین یاریزانەکانی بارسێلۆنا، بەڵام رەنگە گەرەنتی یارییکردن بەشێوەی سەرەکی لە هیچ یەکێک لەو یانانە وەرنەگرێت کە ئاماژە بە ناوەکانیان کراوە، بۆیە رەنگە ئەوە ببێتە بەربەست لەبەردەم رۆیشتنی یاریزانەکە لە بارسێلۆنا.
دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیا لەم وەرزەدا لەژێر سەرپەرشتی هانزی فلیک تەنیا 186 خولەک یارییکردووە، یاریزانەکە لە سێ یاریی رابردووی یانەکە دوورخراوەتەوە و ئەمەش ئەگەری رۆیشتنی یاریزانەکەی زیاترکردووە.
ئانسۆ فاتی، تەمەنی 22 ساڵە، یاریزانەکە پێشتر لە پرێمەرلیگ یارییکردووە و بەشێوەی خواستن یاریی بۆ یانەی برایتن دەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ