ئەنچێلۆتی: دیاریمان دایە بارسێلۆنا و بەگشتی زۆر خراپ بووین

 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید دڵتەنگیی خۆی بەرامبەر دۆڕانیان بەرامبەر بارسێلۆنا و جامی سوپەری ئیسپانیا پێشاندا و دەڵێت " دیاریمان دایە بارسێلۆنا و زۆر خراپ بووین."
 
ئەنچێلۆتی دوای یارییەکە گوتی " بە گشتی یارییەکی خراپمان کرد، بەتایبەتی کاتێک دەمانویست بگەڕێینەوە هێڵەکانمان، بابەتەکە پەیوەندی بە بارودۆخەوە نەبوو، بەڵکو ئەوە هەڵەی تاکەکەسی ئێمەبوو، تیپەکە بەشێوەیەکی گشتی هێز و لێهاتوویەکی کەمی پێشاندا، تەنیا لە نیوەی یەکەمدا 25 جار تۆپمان لەدەستدا، ئێمە متمانەمان بەوە نەبوو، هەموو لایەنەکانی یارییکردنمان خراپبوون."
 
کارلۆ زیاتر دەڵێت " پێویستە لەسەرمان وانە لەوە وەربگرین کە روویدا، بەو پێیە کاتێکی سەختە، ئێمە بەر لە یارییەکەش دەمانزانی تیپەکە لە باشترین ئاستی خۆیدا نییە."
 
راهێنەری ریال مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوتی " پێویستە خۆمان بۆ یاریی داهاتوو ئامادەبکەین، ئەم یارییە هاوکاری کردین بۆ دەرخستی چەند کەموکورتییەکی تیپەکە."
 
ئەنچێلۆتی هێشتا قسەیکرد و گوتی " ئێمە دیاریمان پێدان، زۆربەی کاتەکان ریتمی یارییکردنمان لەدەستدا، دوو دیاریمان بە بارسێلۆنادا و دوو گۆڵیان لێکردین، دەبێت لە رووی جەستەییەوە باشتربین، دەبێت کاربکەین بۆ ئەوەی ئەو هەڵانەی کردوومانە راستیان بکەینەوە، بەرامبەر ڤالێنسیا ئێمە لە رووی بەرگرییەوە باشتربووین، بەڵام بەرامبەر بارسێلۆنا جارێکی دیکە هەڵەمان کردەوە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا کارلۆ ئەنچێلۆتی گوتی " ئێمە زۆرمان ئازارداوە بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید لەسەر بردنەوەی یارییەکانی کۆتایی راهاتووە، بەڵام ئەمجارە لە یاریی کۆتاییدا دۆڕاین، هێشتا وەزەکە زۆری ماوە و چەندین رکابەریمان لە پێشە کە دەبێت تاوەکو کۆتایی شەریان لەسەربکەین، جێگایەک لە سەرمدا نییە بۆ ئەوەی باسی زەلیلیی شکستەکەی بەرامبەر بارسێلۆنا بکەم، ئەمە زۆرە، بەڵام لە وەرزشدا هەندێک جار سەردەکەویت و هەندێکجاریش دەدۆڕێیت."