ڤیدیۆ؛ یەکەم پەیامی چاڤی دوای بردنەوەی کلاسیکۆ و جامی سوپەری ئیسپانیا

 
رووداو دیجیتاڵ

چاڤی هێرناندێز، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا دڵخۆشیی خۆی بەرامبەر بردنەوەیان لە یانەی ریال مەدرید و بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی وەک راهێنەری بارسا پێشاندا و گوتی " هیچ وشەیەک نییە بۆ ستایشکردنی هەستەکانم."
 
چاڤی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی " نازناوەکە زۆر گرنگە، ئەمە ئەنجامی کارکردنی ئێمە و تێپەڕبوونە بەو بارودۆخە سەختانەی هاتوونەتە پێشەوە، ئێستا ئێمە لەسەر رێگەی راستین و زۆر دڵخۆشم."
 
راهێنەری بارسێلۆنا زیاتر گوتی " پێشتر من 18 ساڵ لەم یانەیە یارییمکردووە، هەستی ئێستا بەهیچ شێوەیەک گوزارشت ناکرێت، چونکە یەکەم نازناوم وەک راهێنەری یانەکە بردەوە، ئەمە شتێکە ناتوانم گوزارشتی بکەم."
 
چاڤی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت " بردنەوەی نازناو بەرامبەر یانەیەکی گەورەی وەک ریال مەدرید، شتێکی جیاوازە و پاڵنەرێکی بەهێزت پێدەدات، ئێستا ئێمە لە 3 پاڵەوانێتی دیکەدا رکابەری دەکەین و دەمانەوێت نازناوەکانیان ببەینەوە، لە 3 وەرزی رابردوودا یانەکە هیچ نازناوێکی نەبردووەتەوە، بۆیە دەمانەوێت هەنگاوبنێین بۆ بردنەوەی نازناوەکانی داهاتوو."
 
لەبارەی پڕۆژەکانی یانەکەوە چاڤی دەڵێت " سەرۆکی یانەکە گرەوی لەسەر ئەم پڕۆژەیەی یانەکە کردووە، منیش لەپێناو ئەو و یانەکەدا دڵخۆشم، بردنەوەی ئەم نازناوەش ئاسان نەبوو، بۆیە رازیم بەوەی پێشکێشمانکرد."
 
راهێنەری بلاوگرانا ستایشی ئاستی گاڤی دەکات، کە لە یارییەکەدا گۆڵێکی تۆمارکرد و دوو گۆڵی دروستکرد و دەڵێت " کوڕێکە هەموومان دەوروژێنێت، کەسایەتییەکی بەهێزی هەیە، لەکاتێکدا تەمەنی تەنیا 18 ساڵە، بەڵام بنمیچی نییە و بەردەوامدەبێت لە بەرەوپێشچوون."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا چاڤی باسی لەو بیروەریانە کرد کە لە یارییکردن بەرامبەر یانەکانی هیلال و نەسڕ هەیەتی و گوتی " بیرەوەری جوانم هەیە لێرە، لە رووبەڕووبوونەوەی یانەکانی نەسڕ و هیلال، دەمەوێت سوپاسی هاندەرانی سعودیە بکەم بۆ ئامادەبوونیان و ئەو پشتگیرییە هەمیشەییە کە بۆ ئێمە هەیانبووە."
 
لە یاریی جامی سوپەری ئیسپانیادا کە لە یاریگەی شا فەهد، لە ریازی پایتەختی سعودیە بەڕێوەچوو، یانەی بارسێلۆنا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە یانەی ریال مەدریدی بردەوە و بۆ جاری 14، لە مێژوویدا بووە پاڵەوانی جامی سوپەر و چاڤی هێرناندێزیش یەکەم نازناوی وەک راهێنەر لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا بردەوە.

دیمەنەکانی یارییەکە و ئاهەنگی بارسێلۆنا بۆ بردنەوەی نازناوەکە