ڤیدیۆ؛ یانەی ریال مەدرید بووە پاڵەوانی جامی سوپەری ئیسپانی

یانەی ریال مەدرید لە فایناڵی جامی سوپەری ئیسپانی رووبەڕووی یانەی ئاتلێتیک بیلباو بووەوە، یاریەکە لە جەدەی پایتەختی سعودییە بەڕێوەچوو.
 
ریال مەدرید بۆ تۆمارکردنی گۆڵی یەکەم پێویستی بە 38 خولەک چاوەڕوانیی هەبوو، دوای ئەوەی لە دەرئەنجامی هێرشێکی پێچەوانە، لوکا مودریچ توانی سوود لە ئاسیستێکی رۆدریگۆ وەربگرێت و گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات. گێمی یەکەم بە تۆمارکردنی ئەو تاکە گۆڵە کۆتایی هات.
 
گێمی دووەم ئاراستەی یارییەکە لەبەرژەوەندی ریال مەدرید بەردەوام بوو، لە خولەکی 52 کەریم بنزیما بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمی تۆمار کرد.
 
ئەنجامەکە زیاتر ریال مەدریدی لە بەدەستهێنانی جامی سوپەر نزیک دەکردەوە، بۆیە هەموو هەوڵێکی دەدا پارێزگاری لە ئەنجامەکە بکات، هەربۆیە 20 خولەکی کۆتایی یارییەکە بەرگریی کرد، بەڵام گوشاری هێرشەکانی بێلباو، هەژمارکردنی لێدانێکی سزای لەبەرژەوەندی یانەکەی هەرێمی باسکی لێکەوتەوە، کاتێک ناوبژیوان لە خولەکی 88 ئیدیر میلیتاوی بە کارتی سوور لە یارییەکە دەرکرد، کە بووە هۆی دروستبوونی لێدانی سزا لەسەر ریال، بەڵام ئەمجارە تیبۆ کۆرتوا رۆڵی پاڵەوانی بینی و نەیهێشت ئیریک گارسیا گۆڵ تۆمار بکات، بۆیە ئەنجامەکە بە دوو گۆڵی بێوەڵام  لەبەرژەوەندی یانەی شاهانە کۆتاییهات.