خانەقین؛ سێ ماتۆڕسکیل هێرش دەکەنە سەر پاسی یانەی وەرزشیی بابان و چوار یاریزان بریندار دەکەن

 
رووداو دیجیتاڵ

دوای کۆتاییهاتنی یاریی نێوان یانەی وەرزشیی خانەقین و بابان لەنزیک بازگەی خانەقین هێرش کرایە سەر پاسی یانەی وەرزشیی بابان و بەهۆیەوە چوار کەس برینداربوون.
 
ئەردەڵان محەممەد، بەپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی بابان بە تۆری میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای تەواوبوونی یارییەکە، هێزەکانی ئاسایش تاوەکو نزیک بازگەی خانەقین لەگەڵمان بوون کە تەواو نزیک بووینەوە لە بازگەکە هێزەکانی ئاسایش گەڕانەوە و سێ ماتۆڕسکیل کە شەش کەسی لەسەر بوون بە بەرد هێرشیان کردە سەر پاسەکەمان و چوار یاریزانمان بریندار بوون، زیانیش بەر پاسەکە کەوتووە".
 
بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی بابان ئاماژەی بەوەش کرد، سکاڵا لە لیژنەی ئۆڵۆمپی تۆمار دەکەن.
 
جەلال عەلی لە راگەیاندنی یانەی خانەقین بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لەنێو یاریگە هیچ گرژییەک دروست نەبووە، ئەنجامی یارییەکەش بەبێ گوڵ کۆتاییهاتووە بۆ هەردوولا. ئەو کەسانەی هێرشیان کردووە لە دەرەوەی یاریگە بوون، ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمار دەکەین دژی ئەو کەسانەی ئەو کردەوەیان ئەنجامداوە".