بێرهۆف و ئۆزێل ئاشتبوونەوە

رووداو دیجیتال

ئۆلیڤەر بێرهۆف، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و یانەی میلانی ئیتالی رایگەیاند لەگەڵ مەسعود ئۆزێلی یاریزانی ئەڵمانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی ئاشتبووەتەوە.

ئەوکاتەی مەسعود ئۆزێل و ئیلكای گۆندۆگان وێنەیەکیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیا گرت و ئۆزێل درێسێکی بەدیاری دایە ئەردۆغان و لەسەری نووسیبوو بۆ سەرۆکەکەم، بێرهوف رەخنەی لەو دوو یاریزانە گرت و بە هۆکاری دەرکردنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە مۆندیال تۆمەتباری کردن و گوتی "ئۆزێل و گۆندۆگان هەڵەیەکی گەورەیان کرد، پێویست بوو دوای ئەو وێنەیە ئۆزێل لە هەڵبژاردەكە دووربخرێتەوە".

ئەگەرچی دواتر بێرهۆف داوای لێبوردنی لە ئۆزێل کرد، بەڵام نێوانیان چاکنەبووەوە، تاوەکو ئەمجارە لە ئاهەنگی لەدایکبوونی ئۆزێلدا، جارێکی دیکە بێرهۆڤ دەستپێشخەری کرد و ئۆزێلیش قبوڵی کرد.

بێرهۆف لەو بارەیەوە گوتی "رۆژی لەدایکبوونی ئۆزێلم بە دەرفەت زانی و نامەیەکی پیرۆزباییم بۆ نارد، ئەویش زۆر بەڕێزەوە وەڵامی دامەوە و سوپاسی کردم، من زۆر دڵخۆش بووم بەو وەڵامەی ئەو".

بێرهۆف هەروەها گوتیشی "زیاتر دڵخۆش بووم کە زانیم سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیاش پەیوەندی بە ئۆزێلەوە کردووە، پێویستە لەگەڵ یەکدی کۆببینەوە و جارێکی دیکەش قسە بکەینەوە".