برونۆ فێرناندێز وەڵامی یۆرگن کڵۆپ دەداتەوە

16-01-2021
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ برونۆ فێرناندێز
A+ A-

رووداو دیجیتال

برونۆ فێرناندێز، ئەستێرەی یانەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی، وەڵامی یۆرگن کڵۆپی راهێنەری یانەی لیڤەرپوولی دایەوە، کە سەبارەت بە ژمارەی لێدانەکی سزای شەیتانە سوورەکان گوتبووی "زۆر لێدانی سزا بۆ مانچێستەر یونایتد هەژماردەکرێن".

کڵۆپ بەر لە چەند رۆژێک تووڕەیی خۆی لە هەژمارنەکردنی لێدانێکی سزا بۆ سادیۆ مانێ لە دژی ساوسامتۆن دەربڕی و سەرسامبوونی خۆی بەوە نیشاندا کە ژمارەیەکی زۆر لێدانی سزا بۆ مانچێستەر یونایتد هەژماردەکرێن و گوتی "ئەو پێناڵتیانەی لە دوو ساڵدا بۆ مانچێستەر یونایتد هەژمارکراون زیاترە لەو پێناڵتیانەی لە ماوەی 5 ساڵ و نیودا بۆ لیڤەرپوول هەژمارکراون".

برۆنۆ فێرناندێز لەوەتەی پەیوەندیکردن بە ریزەکانی مانچێستەر یونایتدەوە تاوەکو ئێستا 27 گۆڵی تۆمارکردووە، کە لەوانە 15 گۆڵی بە پێناڵتی بووە.

برونۆ لەو بارەیەوە گوتی "من گرنگی بەو قسانە نادەم، تۆ هەمیشە دەبینیت کە خەڵک چی دەڵێت، بەڵام بەڕاستی من گرنگی پێنادەم، بۆ من گرنگ نییە کە خەڵکی چی دەڵێت".

برونۆ هەروەها گوتی "من لە پورتۆگال کاتێک یاریم بۆ سپۆرتینگ لێشبۆنە دەکرد، ئەوانەی لە بێنفیکا و پۆرتۆ بوون هەمیشە بەو شێوەیە قسەیان دەکرد".

لە بەردەوامی قسەکانیدا ئەستێرەی شەیتانە سوورەکان، گوتی "ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن هەندێجار بۆ فشارخستنە سەر ناوبژیوانەکان دەیکەن، هەندێجاریش تەنیا بۆ ئەوەی هەندێک هەرا و دەنگەدەنگ لە راگەیاندندا دروست بکەن".

یاریزانە پورتۆگالییەکە، زیاتر گوتی "گرنگترین شت بۆ ئێمە ئەوەیە کاتێک لێدانی سزامان بۆ دەگیرێت بە باشترین شێوە جێبەجێ بکەین، من تەنیا دەبێت کاری خۆم بکەم، خەڵک دەتوانێت قسە بکات و چی دەوێت بیڵێت، بەڵام بۆ من و تیپەکەم گرنگترین شت ئەوەیە بەردەوام بین لە ئەنجامدانی کارە دروستەکان".

برونۆ بۆ دەرخستنی گرنگیی جێبەجێکردنی لێدانەکانی سزا بە سەرکەوتوویی، بەڵگەی بە رەحیم ستێرلینگی هێرشبەری یانەی مانچێێستەر سیتی هێنایەوە و گوتی "لە هەواڵەکاندا خوێندمەوە کە ستێرلینگ دوایین 3 لێدانی سزای مانچێستەر سیتی بەفیڕۆداوە، ئەمەش ئەو راستییە پشتڕاستدەکاتەوە کە جێبەجێکردنی لێدانی سزا ئاسان نییە وەک خەڵکی دەڵێن، دەبێت کاریان لەسەر بکەیت، پێویستە تەرکیز بکەیت، دەبێت کارەکەت بە باشی ئەنجام بدەی".

ئەو یاریزانەی مانچێستەر یونایتد بەمشێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا و گوتی "ئەمە مانای ئەوە نییە کە ستێرلینگ جێبەجێکارێکی باش نییە بۆ لێدانی پێناڵتی، دەکرێت ئەمە بەسەر منیش بێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە گۆڵ بکەم و گوێ نەگرم لەوەی خەڵکی دەیڵێن، چونکە لێدانی سزا بەشێکە لە یارییەکە بۆ هەموو کەسێک".

لیڤەرپوول سبەینێ لە ئانفیڵد لە گەڕی 19ی پرێمەرلیگ و لە یاریی لووتکە و شەڕکردن لەسەر پێشەنگ، میوانداری یانەی مانچێستەر یونایتد دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە