رووداو دیجیتاڵ
جود بێلینگهام، ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید، دوای یارییەکەیان بەرامبەر رایۆ ڤاییکانۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی تووشی دەمەقاڵێ دەبێت! لەبەرئەوەی پێیوابووە ئەو هۆکاری ئەوەبووە یانەی رکابەر گۆڵی یەکسانبوون لە تۆڕی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی ریال مەدرید تۆماربکات.
لە یارییەکی شێتانەدا، لە گەڕی 17ـی خولی ئیسپانیادا، رایۆ ڤالیکانۆ لەگەڵ میوانەکەی ریال مەدرید یەکسان بوو، دوای ئەوەی هەریەکەیان سێ گۆڵیان تۆمارکرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی رۆژنامەی دیفێنسا سێنتڕالی ئیسپانی بڵاویانکردووەتەوە، ئەو یاریزانەی یانەی ریال مەدرید کە لە هەموو هاوڕێکانی زیاتر تووڕە بووە لە یەکسانبوونەکەی بەرامبەر رایۆ ڤالیکانۆ، جود بێلینگهام بووە، کە دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە لە تووڕەییەوە تەقیوەتەوە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە، بێلینگهام لەگەڵ هاوڕێکەی ئۆریلیان چوامینی تووشی دەمەقاڵێ بووە و یاریزانە ئینگلیزییەکە هاوڕێ فەرەنسییەکەی بە تاوانبار زانیوە و بەوە تۆماتباری کردووە کە هۆکاری سەرەکی ئەوە بووە سێ گۆڵ لە ریال مەدرید بکرێن، بەتایبەتیس گۆڵی سێیەمی رایۆ ڤاییکانۆ، کە بەهۆی ئەو گۆڵەوە یانەی شاهانە دوو خاڵی زۆر گرنگی لەدەستدا.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بێلینگهام راشکاوانە گوتوویەتی چوامینی لاوازییەکی گەورەیە لە پێکهاتەی ریال مەدریددا، هەروەها داوای کردووە ئەنچێلۆتی لە پێکهاتەی سەرەکی دووریبخاتەوە و گوتوویەتی "راهێنەر دەبێت لە یارییەکانی داهاتوودا بۆ پاراستنی چانسی بردنەوەی نازناوەکان ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی سەرەکی دوووربخاتەوە، بەتایبەتیش نابێت وەک یاریزانی دڵی بەرگری یاری پێبکات".
ئەو رۆژنامەیە دەشڵێت "چوامینی ئەم قسانەی لە بێلینگهام قبوڵ نەکردووە و بەڕوویدا تەقیوەتەوە، بەڵام لوکا مۆدریچ کاپتنی یانەکە دەستوەردانی کردووە بۆ هێورکردنەوەی دۆخی نێوان ئەو دووانە، و داوای لێکردوون سەرنجیان لەسەر یارییەکانی داهاتوو بێت، چونکە وەرزەکە هێشتا زۆر درێژە و تاوەکو ئێستا هیچ شتێک یەکلایی نەبووەتەوە".
ئەمە لە کاتێکدایە، کە هەمان سەرچاوەی رۆژنامەڤانی، پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەدوای یاریی ریال مەدرید بەرامبەر ئاتلێتیک بیلباو لە گەڕی 19ـی لالیگادا، کە بیلباو بەئەنجامی 2-1 شکستی بە ریال مەدرید هێنا، مۆدریچ نەیتوانیوە کۆنتڕۆڵی خۆی بکات، و راستەوخۆ دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە، بەقسەی تووند هێرشی کردووەتە سەر کیلیان ئێمباپێ، بەهۆی ئاستە کارەساتبارەکەی و گوتی "بەریەککەوتن لەنێوان مۆدریچ و ئێمباپێ دروستبووە".
ئەو سەرچاوەیە هەروەها گوتیشی "کارلۆ ئەنچێلۆتی هەوڵیداوە دۆخەکە هێور بکاتەوە، بەڵام لوکا پێداگری لەسەر بەردەوامبوون لە سەرزەنشتکردنی کیلیان کردووە، و تەنانەت داوای دوورخستنەوەی دەستبەجێی کردووە لە پێکهاتەی سەرەکی".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ