ئەمڕۆ دێربیی مانچێستەرە.. ئامۆریم دەیەوێت ئازارەکانی گواردیۆلا زیاتر بکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ جیهان ژوانی لەگەڵ یەکێک لە دێربییە بەهێزەکانی جیهان هەیە، دێربیی مانچێستەر کە هەردوو یانەی مان سیتی و مان یونایتد لەسەر یاریگای ئیتیحاد کۆدەکاتەوە و یەکەم دێربیی ئەم وەرزەی شارەکەیە.
دوای ئەوەی لە حەوت یارییدا بەبێ بردنەوە و چوار دۆڕانی لەسەریەک، مان سیتییەکەی گواردیۆلا، وای نیشاندا کە گەڕاوەتەوە سەر رێڕەوی خۆی کاتێک بەئەنجامی 3-0 لە نۆتینگام فۆرێستی بردەوە، بەڵام هەرزوو دەرکەوت کە ئەو ئەنجامە تەنیا درۆیەک یان رێکەوتێکی تۆپی پێیە، ئەگەرنا تیپە رووخاوەکەی پێپ هێشتا لەسەر پێخەڤی نەخۆشیدا پاڵ کەوتووە، کە دوای دە یاری تەنیا بردنەوەیەکی هەیە، دوای ئەوەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی لەگەڵ کریستاڵ پاڵاس یەکسان بوو و لە هەفتەی رابردوودا لە چامپیۆنزلیگدا بە یوڤێنتوسی ئیتاڵی دۆڕا.
ئەم دۆخە ناجێگیرەی مان سیتی دەرفەتێکی باشە بۆ روبن ئامۆریمی راهێنەری مان یونایتد، بۆ ئەوەی بەبردنەوە لە پاڵەوانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ مۆرالی یاریزانەکانی بەرزبکاتەوە و بیسەلمێنێت کە خۆیشی هاتووە ئەو تیپە بگۆڕێت، پاش ئەوەی ساڵانێکی زۆرە دەناڵێنێت.
ئەم یارییە دەبێتە دووەم تاقیکردنەوەی گەورە بۆ ئامۆریم، کە لە یەکەمیاندا بەرامبەر ئارسیناڵ سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە بۆ ئەو بردنەوە واتا هەنگاوێک بەرەو پێشەوە، بەڵام دۆڕان واتا دوو هەنگاو بەرەو دواوە.
مانچێستەر یونایتد، ئەگەرچی توانیویەتی سێ بردنەوەی لەسەریەک لە یۆرۆپالیگ بەدەستبهێنێت، بەڵام دوو یاریی رابردووی لە پرێمەرلیگ بەرامبەر ئارسیناڵ و نۆتینگهام فۆرێست دۆڕاندووە.
لە کاتێکدا ئەمە یەکەم دێربیی مانچستەرە کە تێیدا روبنی راهێنەری نوێی مان یونایتد رووبەڕووی پێپ دەبێتەوە، بەڵام لەم وەرزەدا سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر گواردیۆلادا بەدەستهێناوە، چونکە مانگی رابردوو لە چامپیۆنزلیگدا لەگەڵ سپۆرتینگ لیشبۆنەدا 4-1 لە مانچێستەر سیتی بردەوە.
لە راستیدا ئێستا هیچ کام لەم دوو یانانە لە ئاستێکی بەرزدا نین، بەڵام بردنەوەی ئامۆریم لە گواردیۆلا لە چامپیۆنزلیگدا دەکرێت کلیلی سەرەکی بێت بۆ زیاترکردنی مەینەتییەکانی گواردیۆلا لەلایەن روبنەوە، کە بێگومان یاریزانەکانی مان یو دەتوانن لەو شوێنەی مان سیتی بدەن کە ئازاری هەیە.