بارسێلۆنا و لێستەر سیتی لەسەر تواناکانی یاریزانێکی مەغریبی لە رکابەریدان

رووداو دیجیتاڵ

ئەم مۆندیالە مۆندیالی مەغریبییەکانە و یاریزانەکانی لە جیهاندا کاردانەوەی زۆریان هەبووە و زۆرترین چاویان لەسەربووە. لە ئێستاوە بارسێلۆنا و لێستەر سیتی لەسەر تواناکانی یەکێک لە یاریزانە گەنجەکانی ئەو هەڵبژاردەیە لە رکابەریدان. 
 
چاوەڕوان دەکرێت چەندین یاریزانی هەڵبژاردەی مەغریب ببنە جێگەی چاوتێبڕینی یانە گەورەکانی ئەوروپا، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە مۆندیالی 2022ـی قەتەردا پێشکەشیان کرد، کە جاری یەکەمە هەڵبژاردەیەکی عەرەبی و ئەفریقی بگاتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال.
 
عیزەدین ئوناحی، یاریزانی یانەی ئانژێی فەرەنسی، یەکێکە لەو یاریزانانەی ئاستێکی سەرسوڕهێنەری لە مۆندیالدا پێشکەشکردووە و لە ئێستاوە یانەکان لە رکابەریدان بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی.
 
بە گوێرەی میدیای وەرزشی فەرەنسا، یانەکانی بارسێلۆنای ئیسپانی و لێستەر سیتی ئینگلیزی رکابەری لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە دەکەن و هەردوو یانە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئوناحی دەستەوارە پێشکەشی یانە فەرەنسییەکەی بکەن.
 
میدیای بەریتانیا لەبارەی عیزەدین ئوناحی، کە تەمەنی تەنیا 22 ساڵە، دەڵێت "لێستەر سیتی سوورە لەسەر گواستنەوەی ئەو یاریزانە و بەرپرسانی یانەکەی پرێمەرلیگ ئامادەن لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە یاریزانەکە، بڕی 45 ملیۆن یۆرۆ بدەنە یانە فەرەنسییەکە".
 
ماوەی گرێبەستی یاریزانەکە لەگەڵ یانەی ئانژێ لە هاوینی 2026 کۆتاییدێت، مووچەکەی تەنیا 9 هەزار یۆرۆیە، بەڵام ئانژێ ئامادەیە بیفرۆشێت، بەتایبەت کە لە پلەی کۆتایی ریزبەندیی لیگ وەندایە و بارودۆخی دارایی یانەکە خراپە.
 
هەڵبژاردەی مەغریب لە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە هەڵبژاردەی فەرەنسا دۆڕا، بڕیارە رۆژی شەممە 17ـی12ـی2022 لەسەر پلەی سێیەم و چوارەم بەرامبەر کرواتیا یاری بکات.