ئیمانوێل ماکرۆن لەبەردەم مایکی رووداودا: مێسییەکەی پاریسم خۆشدەوێت

15-12-2022
ئیحسان تاهیر
 ئیمانوێل ماکرۆن
ئیمانوێل ماکرۆن
نیشانەکردن ئیمانوێل ماکرۆن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە بروکسل قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد، کە لەنێویاندا پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو هەبوو، باس لە یارییەکەی شەوی رابردووی نێوان فەرەنسا و مەغریب کرد، هەروەها باسی رووبەڕووبوونەوەی فەرەنسا و ئەرجەنتین لە یاریی کۆتایی کرد و گوتی  "مێسی یاریزانێکی گەورە و بێوێنەیە، بەڵام من ئەوم لە پاریس خۆشدەوێت".
 
ماکرۆن سەرەتا باسی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد و گوتی "جێگەی شانازین، لە رادەبەدەر جێگەی شانازین و پێموایە پاڵەوانەکانمان شایەنی خۆشییەکی پاک و بێگەردن، وەرزش ئەمە دەبەخشێت و بەتایبەتیش تۆپی پێ. بۆ نموونە دۆخی من لە کاژێر و نیوێک پێش ئێستا باشترە. من شڵەژاوبووم، چونکە کەس لە مەغریبی نەبردووەتەوە و مەغریبییەکان زۆر باش یارییان کرد".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئەگەر بەرامبەربوونایە یارییەکە بەمشێوەیە نەدەبوو. ئارەزووی زۆر هەبوو. ئێمە لە هەندێک کاتدا بەدەستیانەوە دەمانناڵاند، بەڵام تیپێکی گەورەمان بینی. دەمەوێ سوپاسێکی بێ پایانی راهێنەرمان دیدێ دیشامپ بکەم،  سوپاسی ئەو تیپە بکەم کە ئاوێتەیەکە لە نەوەی جیاواز، ئەمە شتێکی گەورەبوو".  
 
سەرۆکی فەرەنسا، لە درێژەی قسەکانیدا، گوتیشی "لەگەل دیشامپ، ئەمە سێیەم گەیشتنە بە یاریی کۆتایی، بەڵێ، ئەوەش دەباتەوە، دەزانی چی؟ دوو هەرگیز بەبێ سێ نابێت. بۆیە دیشامپ بەرەکەت و بەهرەی لەگەڵدایە. ئێمە بە پشتیوانی دەمێنینەوە. دەیبەینەوە، دەیهێنینەوە وڵاتەکەمان. جامی جیهانی دەهێنینەوە وڵاتەکەمان. دەبێ ئەوە بڵێت، بەدڵنیاییەوە دەبێ ئەوە بڵێت."
 
ماکرۆن لە وەڵامی پرسیاێکی دیکەدا، کە ئایا لە لیۆنێل مێسی دەترسێت یان نا؟ گوتی "حەز بە مێسی پاریس دەکەم نەک هی ئەرجەنتین"، ئەو لە بارەی مێسییەوە گوتیشی "مێسی یاریزانێکی مەزنە کاتێک یاری بۆ پاریس دەکات، کاتێک لە پاریسە زیاتر حەزی پێدەکەم لەوەی کاتێک یاری بۆ ئەرجەنتین دەکات، بۆیە ئەوەی لەسەرمان بێت دەیکەین".
 
سەرۆکی فەرەنسا گوتیشی "رێزی زۆرم هەیە ئەم هەڵبژاردەیە و هەڵبژاردەیەکی گەورەیە، پێموایە تیپی فەرەنسا باش ئامادەیە و ئەزموون و یاریزانی لاوی هەیە، بۆیە پێموایە ئەو ئاوێتەیە شتێکی ناوازەیە، من زۆر باوەڕم بەخۆمانەوە هەیە کە دەیکەین بە سێ جام، پێموایە تیپەکەمان خواستی زۆری هەیە، بەخشندە یە و 68 ملیۆن خەڵک پاڵپشتیان لێدەکەن و ئێمەش بەشێکین لەو خەڵکە".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە