عەلی عەدنان دەیەوێت لە رێگەی لالیگاوە بگەڕێتەوە ئەوروپا


رووداو دیجیتاڵ

عەلی عەدنان، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق و یانەی ڤانکۆڤەری کەنەدی کە لە خولی ئەمریکا یارییدەکات، دەیەوێت بگەڕێتەوە ئەوروپا و چەند دەستەوارەیەکیشی پێشکێشکراوە.

بەرگریکارە عێراقییەکە لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا بەبێ ئەوەی ناوی هیچ یانەیەک ئاشکرابکات گوتی، لە خولی قەتەر چەند دەستەوارەیەکی پێشکێشکراوە و زۆر زووەش جارێکی دیکە بیر لە گەڕانەوە بۆ خولی عێراق یاریی بکات، لەکاتێکدا پێی وایە هێشتا توانای هەیە لە یانە گەورەکانی جیهان یاریی بکات.

عەلی عەدنان زیاتر گوتی، دەیەوێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لە رێگەی لالیگای ئیسپانیا، یان خولێکی دیکەوە بگەڕێتەوە ئەوروپا و دەڵێت، چەند دەستەوارەیەکی پێشکێشکراوە، بەڵام هێشتا هیچیان فەرمی نین و لە کۆتایی ئەم مانگە یانیش هاوینی داهاتوو گەڕانەوەی بۆ ئەوروپا ئەگەرێکی بەهێز دەبێت.

لەبارەی بەردەوامبوونی لە یانەی ڤانکۆڤەر، عەدنان گوتی، ئەوە ئەگەرێکە و لە داهاتوودا لەگەڵ کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی زستانەدا بڕیاری خۆی دەدات.

لەبارەی داهاتووی هەڵبژاردەی عێراق و هەلی گەیشتن بە مۆندیال، عەلی عەدنان گوتی، پێویستیمان بە خولێکی بەهێز هەیە بۆ ئەوەی هەڵبژاردەیەکی بەهێز هەبێت، دەبێت پاڵپشتی یاریزانە لاوەکان بکەین و پاڵپشتییەکی بەهێزی حکومیش بۆ هەڵبژاردەکە هەبێت، بۆ ئەوەی هەلی سەرکەوتنمان بۆ مۆندیال هەبێت.