عەین گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان

رووداو - هەولێر

یانەی عەینی ئیماراتی دەستکەوتێکی گەورەی بەدەستهێنا و بە بردنەوەی لە یانەی تەرەجی تۆنسی خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکان.

هەردوو یانە لە یاریگا هەزاع بن زاید رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و عەین یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵی بێوەڵام بردەوە.

لە گێمی یەکەمدا سێ خولەک بەسەر یارییەکەدا تێپەڕی محەممەد ئەحمەد گۆڵی یەکەمی عەینی تۆمارکرد، لە خولەکی 18دا حەسەن شەحات گۆڵی دووەمیشی بۆ یانە ئیماراتییەکە زیادکرد.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 60 محەممەد ئەحبابی گۆڵی سێیەم و کۆتایی یارییەکەی تۆمارکرد.

لە قۆناخی پێشکۆتاییدا عەینی میواندار بەرامبەر ریڤەرپلەیت یاریدەکات و براوەیان دەگاتە فایناڵی جامی جیهانی یانەکان.