کاشیما گەیشتە پێشکۆتایی مۆندیالی یانەکان

رووداو - هەولێر

یانەی کاشیما ئانتلەرزی ژاپۆنی بە بردنەوەی لە یانەی گوادالاخارای مەکسیکی خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانی یانەکان.

لە دووەم یاری مۆندیالی یانەکاندا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و کاشیما یارییەکەی بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە.

دوای تێپەڕینی تەنیا سێ خولەک بەسەر یارییەکەدا، گوادالاخارا لە رێگەی یاریزان ئانخێل زالدیڤار گۆڵی یەکەمیان تۆمارکرد و ئەم گێمە بەم ئەنجامە کۆتاییهات.

لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 49 ریۆتا ناگاکی گۆڵی یەکسانی بۆ کاشیما تۆمارکرد، لە خولەکی 70شدا سێرجیۆ سۆلێر بە لێدانی سزا گۆڵی دووەمیشی بۆ یانە ژاپۆنییەکە تۆمارکرد، شەش خولەک پێشکۆتاییهاتنی یارییەکەش هیرۆکی ئابێ گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد، لە دوایین خولەکیشدا لیۆ سێلڤا بە هەڵە گۆڵی دووەمی بۆ گوادالاخارای تۆمارکرد.

بەم بردنەوەیە کاشیما لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر ریال مەدرید یارییدەکات، گوادالاخاراش لەسەر یاری دیاریکردنی پلەکانی پێنجەم و شەشەم رووبەڕووی تەرەجی تونسی دەبێتەوە.