کاساس ئامادەیی عێراقی راگەیاند و بلیتی یارییەکەشیان نەما

رووداو دیجیتاڵ
 
خیسۆس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئامادەیی هەڵبژاردەکەیان بۆ یارییەکەی بەرامبەر ئیندونیزیا لە پاڵاوتنە هاوبەشەکانی مۆندیال و جامی ئاسیا راگەیاند.
 
کاساس لە کۆنگرە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی "هەڵبژاردەی ئیندونیزیا هەڵبژاردەیەکی بەهێز و پێشکەوتووە، لە چەند ساڵی رابردوودا چەند یاریزانێکی باش لە پێکهاتەکەیدا بینراون و ئەنجامی زۆرباشیان هەبووە."
 
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەبارەی تیپەکەیەوە بە رۆژنامەڤانانی گوت "چەند یاریزانێکی بەتوانامان بانگهێشتکردووە، بیرمان لەوەکردبووە کە ئەگەر یاریزانێک تووشی پێکانبێت چی بکەین، لەسەر ئەو بنەمایەش 25 یاریزانمان بانگهێشتکردبوو بۆ ئەوەی لەم دوو یارییەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەربکەون."
 
راهێنەرە ئیسپانییەکەی عێراق بەڵێنی بردنەوەی هەردوو یارییەکەی نەدا، بەڵام گوتی "ئەوە تەنیا پەیوەندی بە منەوە نییە، تیمی هونەری تاوەکو درەنگانی شەو کاردەکەن بۆ ئەوەی بگەین بەو ئامانجەی هەمانە."
 
لەبارەی کەش و هەوا باراناوییەکەی ئێستای شاری بەسرە، راهێنەری عێراق هیوادەخوازێت لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا بارانی بەخوڕ نەبارێت، بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر ئاستی هونەری تیپەکەی نەکات.
 
خیسۆس باس لە گۆڕینی شوێنی یارییکردنی عەلی عەدنان دەکات و دەڵێت "ئەو ئێستا لەرووی هونەری و تەمەنەوە لە دڵی بەرگریدا باشتر یاری دەکات، ئێمە لە بەرگری چەپ زیاتر پێویستیمان بەخێراییە، گۆڕینی شوێنی یاری کارێکی ئاساییە لە تۆپی پێدا و دیارترین نموونەش بۆ ئەمە پاوڵۆ ماڵدینییە."
 
رۆژی پێنجشەممە لە دەستپێکی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 و جامی ئاسیای 2027 هەڵبژاردەی عێراق لە بەسرە میوانداریی ئیندونیزیا دەکات، هیچ بلیتێکی یارییەکە نەماوە، 65 هەزار هاندەر چاوەڕواندەکرێت لە یاریگە ئامادەبن و هاندەران لە بازاڕی رەشدا بەدوای دەستکەوتنی بلیتەکانی یارییەکەدا دەگەڕێن.