نهێنی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی کاروانی یارییکردنی مۆدریچی گۆڕی

15-11-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لوکا مۆدریچ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لوکا مۆدریچ، ئەستێرەی کرواتی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی چەند نهێنییەک لەبارەی پەیوەندیکردنی بە یانەی ریال مەدریدەوە ئاشکرا دەکات و باسی ئەو کاتانە دەکات کە مۆرینیۆ پەیوەندیی پێوە کردووە، بۆ چوون بۆ یانە ئیسپانییەکە.
 
مۆدریچ لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەبارەی کۆمەڵێک پرسی جیاوازەوە قسەدەکات و دەڵێت "بەرلەوەی بێمە یانەی ریال مەدرید جۆزێ مۆرینیۆ پەیوەندیی پێوەکردم و پێیگوتم، دەمەوێت وەرزی داهاتوو لەگەڵمانبیت، من سەرسامم پێت و متمانەم پێت هەیە، دڵنیام لەوەی 100٪ دەبیتە ئەستێرەیەکی نایاب لە ریال مەدرید."
 
لوکیتا لەو بارەیەوە زیاتر قسەیکرد گوتی "بەڕێوەبەری کارەکانم پەیوەندیی پێوەکردم و یەکەم پرسیاری ئەوەبوو، تۆ دانیشتوویت؟ منیش پێمگوت بۆچی ئەم پرسیارە دەکەیت، بڕیارە هیچ شتێکی ئاوام پێبڵێیت کە نەتوانم لەسەر قاچەکانم بوەستم؟ ئەویش پێیگوتم ریال مەدرید داوای تۆ دەکات، راهێنەرەکەی بۆ وەرزی داهاتوو تۆی دەوێت."
 
مۆدریچ دەڵێت "کاتێک بەڕێوەبەری کارەکانم ئەو قسانەی پێ راگەیاندم، تووشی شۆکبووم و بێدەنگبووم، مۆرینیۆ ئەو کاتە لە باشترین راهێنەرەکانی جیهان بوو و داوای منی دەکرد، لەکاتێکدا من تەمەنم 27 ساڵ بوو و لە سەرەتای کاروانی یارییکردنمدا نەبووم، بەڵام زۆر بەپەرۆشبووم بۆ پەیوەندیکردن بە یانەکەوە."
 
ئەستێرە کرواتییەکەی یانەی شاهانە باس لە گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی یانەی تۆتێنهام دەکات و دەڵێت "گفتوگۆکردن لەبارەی رۆیشتن لە تۆتێنهام لەگەڵ دانیێل لیڤی زۆر ئاڵۆز بوو، لیڤی ریال مەدریدی شێت کردبوو، بیرمە دوای چەند رۆژێک گەڕامەوە لەندەن و بلیتێکی فڕۆکەم بڕی بۆ ئەوەی بچمە لۆس ئانجلێس بۆ کەمپیی مەشقەکانی تۆتێنهام، سەرۆکی یانەکە بلیتەکەی دڕاند و فڕێیدایە نێو زبڵدانەوە.'
 
ئەفسانەکەی ریال مەدرید زیاتر گوتی "رۆژێک خۆسێ ئانخێل سانچێز و فلۆرێنتینۆ پێرێز پەیوەندییان پێوەکردم و پێیان راگەیاندم کە ئەوان چاوەڕێی منن، تەنیا پێویستە ئارام بگرم، پێیانگوتم لەگەڵ لیڤی گفتوگۆ دەکەن، پشتگیری ئەوان لەو قۆناخە سەختەدا بۆ من زۆر مانای هەبوو."
 
ئەستێرەکەی کرواتیا باسی ئەو ساتە دەکات کە داوای لە سەرۆکی یانەی تۆتێنهام کرد رێگەی بدات بچێتە ریال مەدرید و دەڵێت " لە کۆتایی مانگی ئابدا گفتوگۆیەکم لەگەڵ دانیێل لیڤی هەبوو و پێمگوت سەرۆک، داوات لێدەکەم خاوەنی قسەی خۆت بیت، حەزدەکەم لە جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا یاری بکەم، تکایە ئەم هەلەم لێ وەرمەگرە."
 
وەک ئەوەی مۆدریچ دەیگێڕێتەوە وەڵامی لیڤی بۆ لوکا بەمشێوەیە بوو "رۆژی دووشەممە رێگەت پێدەدەم بچیت، یەکشەممە 26ـی ئاب هەموو شتێک کۆتاییهات، بەیانییەکەی دیکە دەچوومە مەدرید."
 
لوکا مۆدریچ لە هاوینی ساڵی 2012 پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کردووە، ئێستا یەکێکە لە ئەفسانەکانی یانەی شاهانە و لەگەڵ یانەکە 5 نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپای بردووەتەوە و گرێبەستەکەی لە هاوینی ساڵی 2024 کۆتاییدێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە