ئەگەر هەیە دانی ئەلڤێش 15 ساڵ زیندانی بکرێت

روداوو دیجیتاڵ
 
دانی ئەلڤێشی یاریزانی پێشووی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، لەبەردەم ئەگەری سزادان بەبەندکردن بۆ ماوەی 15 ساڵدایە، بەهۆی تێوەگلان لە دەستدرێژی بۆ سەر کچێک لە یەکێک لە یانە شەوانەکانی شاری بارسێلۆنا.
 
ئەلڤێش 40 ساڵ، پاش ماوەیەکی زۆر لە چاوەڕوانی و مانەوە لە بەندیخانە، بانگهێشتی دادگاکرا و تۆمەتی دەستدرێژی سێکسیی رووبەڕووکرایەوە، سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر هەیە یاریزانەکەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل، بەبەندکرد بۆ ماوەی 15 ساڵ، سزا بدرێت.
 
ئەلڤێش مانگی دوانزەی ساڵی 2022 لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا و برایە بەندیخانە، پاشئەوەی کچێک ئەوی تۆمەتبارکرد بەوەی لە یانەیەکی شەوانەی شاری بارسێلۆنادا پەلاماری داوە و بەزۆر و بەبێ رەزامەندی خۆی، سێکسی لەگەڵدا کردووە.
 
ئەلڤێش لەوکاتەوە لە بەندیخانەیە و تیمی پارێزەرانی ئەو یاریزانە، هەوڵی زۆریاندا بەدەستەبەر و بەمەرجی چاودێریکردنی بەردەوام، ئەو ئازاد بکەن، بەڵام دادوەر بەبیانووی ترس لە هەڵهاتنی ئەو لە ئیسپانیا، داواکارییەکەی رەتکردەوە.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، دادوەر بۆیە بەئازادکردنی مەرجداری ئەلڤێشی رەتکردووەتەوە، چونکە ترسی لەوە هەبوو ئەو بەرەو بەرازیل هەڵبێت و لەبەرنەبوونی رێکەوتنی رادەستکردنەوەی تۆمەتباران لە نێوان هەردوو حکومەتی بەرازیل و ئیسپانیا، نەتوانن جارێکی دیکە ئەو دەستگیربکەنەوە.
 
تاوەکو ئێستا، دانی ئەلڤێش سوورە لەسەر بێتاوانبوونی لە تۆمەتەکەدا و دووپاتیدەکاتەوە سێکسکردنەکە بەڕەزامەندی کچەکە بووە و هیچ دەستدرێژییەکی نەکردووە.
 
یاساکانی ئیسپانیا، سزای بەندکردن لە نێوان چوار تاوەکو 15 ساڵی بۆ کەسێک دەستنیشانکردووە کە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسیی بەسەردا بسەپێنرێت.