راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال: ئێمە لە قەتەر دەبین

رووداو دیجیتال

 

فێرناندۆ سانتۆس، راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال، دانی بەوەدا نا کە تیپەکەی بەرامبەر سێربیا بە باشی یاری نەکردووە، بەڵام رەتیکردەوە کە ئەوان بۆ یەکسانبوون یارییان کردبێت.
 
لە دواگەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەمی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەردا، هەڵبژاردەی پۆرتوگال میوانداری هەڵبژاردەی سێربیای کرد و بە 1-2 پێیدۆڕا و هەلی گەیشتن بەشێوەی راستەوخۆی لەدەستدا، کە بە یەکسانبوونیش بلیتی یەکەمیان وەردەگرت، بۆیە بەرازیلی ئەوروپا ناچاردەبێت بەشداری لە پاشکۆدا بکات بۆ بەدەستهێنانی بلیتێکی مۆندیال.
 
لە دوای یارییەکە، سانتۆسی راهێنەری پۆرتوگال دانی بەوەدا نا کە خۆی هۆکاری ئەو شکستەیە و گوتی "هەوڵماندا کەسایەتی خۆمان لەنێو یاریگەدا نیشان بدەین، بەڵام ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر هەبوو، من بەرپرسیار بووم".
 
راهێنەری بەرازیلەکەی ئەوروپا، باسی لەوەش کرد کە لەو یارییەدا رووبەڕووی زەحمەتی زۆر بوونەتەوە، بەڵام رەتیکردەوە کە ئەوان بۆ یەکسانبوون یارییان کردبێت، بەو پێیەی بە یەکسانبوون دەگەیشتنە مۆندیال، ئەو گوتی "هەرگیز بۆ یەکسانبوون یارییمان نەکردووە، راستە بە یاریزانەکانم گوتووە بە باشی بەرگری بکەن، بەڵام ئەوکاتەی تۆپ لای ئێمە بوو دەبووایە هەلی زیاتر دروست بکەین، لەوانەیە پەیامەکەم بە باشی پێیاننەگەیشتبێت".
 
سانتۆس لە بەردەوامی قسەکانیدا، لەبارەی یارییەکەوە گوتی "یارییەکی باشمان نەکرد، سەرەڕای ئەوەی زوو گۆڵمان کرد، بەڵام دواتر ئاستمان رووی لە پاشەکشە کرد لە هەموو هێڵەکاندا، ئیدی هەستمان کرد بە زەحمەت دەگەینە گۆڵی تیپی بەرامبەر".
 
ئەو گوتیشی "هەمیشە لە هێڵی هێرشبردندا رووبەڕووی زەحمەتی دەبووینەوە، هێرشبەرەکانمان هەوڵیاندا گۆڵی دووەم بکەن، بەڵام نەمانتوانی هێڵەکانمان بە باشی بەیەکەوە ببەستینەوە".
 
راهێنەری پۆرتوگال، دانی بەوەشدا نا کە سێربیا باشتر لەوان یاری کردووە و گوتی "ئەوان لە ئێمە باشتربوون، دوو یان سێ هەلی گۆڵکردنمان دروستکرد، بەڵام سێربییەکان باشتربوون".
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، فێرناندۆ بەڵێنی گەیشتنە مۆندیالی بە هاندەرانی پۆرتوگال دا و گوتی "لە قەتەر دەبین، دەزانم ئێمە ئەوەمان نەکرد کە پێویست بوو بیکەین، بەڵام ئێمە دەچینە قەتەر، ئێمە هەمیشە بۆ سەرکەوتن و بە هێرشبردن یاری دەکەین، بەڵام هەموو جارێ کارەکان بە دڵی تۆ بەڕێوە ناچن".