تیتی و سکالۆنی باس لە سوپەر کلاسیکۆ دەکەن

رووداو - هەولێر

پێش دەستپێکردنی یارییەکە تیتی راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل باسی لە یارییەکە کرد و دەڵێت لە هەموو حاڵەتێکدا بەرامبەر ئەرجەنتین یاریمان کردوە و ئەم یارییەش زۆر گرنگە بۆ ئێمە، سکالۆنیش دەڵێت یارییەکە لە ئاستێکی بەرزدا دەبێت، بەڵام هێندە گرنگ نییە، دواتریش لە نێوان مێسی و مارادۆنادا دەڵێت، ئەرجەنتینییەکان لە نێوان ئەم دووانەدا باشترین هەڵنابژێرن.

لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا تیتی قسەیکرد و گوتی، کاتێک لەسەر یاری ئەرجەنتین و بەرازیل قسە دەکەین، باس لە یارییەکی گەورە و مێژوویی دەکەین، پێشتر ئێمە بە چەند جۆرێک بەرامبەر ئەرجەنتین یاریمان کردووە، بەبێ مێسی، لەگەڵ مێسی، یاری دۆستانە و لە کۆپا ئامریکاش، یارییەکان لە هەموو رووێکەوە زۆر گرنگ بوون و لە ئاستێکی بەرزدا بوون، بۆ ئەم یارییەش ئێمە هیچ سوپرایزێکمان نییە و شێوازی یاریکردنمان ناگۆڕین، بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، ئەرجەنتین زۆر بەهێزە و دڵنیام لەم یارییەشدا زۆر بەهێز دەردەکەوێت و یارییەکی بەهێز دەبێت، سەبارەت بە لیۆنێل مێسی، ئەو یاریزانێکی جیاوازە، ئەو لە یاریکردنی تاک زۆر باشە و وەستاندنی کەمێک قورسە، بەڵام تۆپی پێ یارییەکی بەکۆمەڵە، مێسی یاریزانێکی زۆر باشە و ئێمە هەوڵدەدەین وەک هەر یاریزانێکی دیکە بیوەستێنین.

لە دوای تیتی سکالۆنی هاتە نێو هۆڵی کۆنگرەی رۆژنامەڤانی و گوتی، ئەم یارییە زۆر قورس دەبێت بۆ ئێمە، ئێمە رۆژ بە رۆژ ئاستمان بەرەوپێش دەچێت، زۆر جیاوازترین لە رابردوو، بۆ ئەم یارییەش کەش و هەوا و یاریکردن و هەروەها پاڵەپەستۆکانیش جیاوازن، ئێمە بیر لەم یارییە دەکەینەوە، بەڵام گرنگییەکی زۆر زۆری پێنادەین، پرسیاری ئەوە کرا، مێسی باشترە یان مارادۆنا، ئەم چ پرسیارێکە، نازانم چی بڵێم بەراستی، مێسی ئەفسانەیە، نکۆڵی لەوە ناکرێت، هێشتا کاتی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی زیاتر پێشکەش بکات، ئەو ناوی لە مێژووی تۆپی پێدا هەیە، ئێمەی ئەرجەنتینی بە بەختین کە مێسی و مارادۆنامان هەیە، ئەرجەنتینییەکان بەراورد لە نێوان ئەم دوو یاریزانە ناکەن، منیش ئەوە ناکەم، وەڵامی ئەوە نادەمەوە کامیان باشترینە.

لیۆنێل سکالۆنی راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین