بەرپرسانی بارسێلۆنا دەنگ بە پارتی دەدەن

رووداو دیجیتاڵ

میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، کە لەنێو چەند یاریزانێکدا کە لەلایەن بارسێلۆناوە دیاریکراون بۆ ئەوەی گرێبەستیان لەگەڵ بکرێت، تۆماس پارتی، یاریزانی غانیی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی دەنگی زۆرترین بەرپرس و ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی یانەکەی بەدەستهێناوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، لە کۆبوونەوەیەکی دەستەی کارگێڕیی بارسێلۆنادا، دەنگدان لەسەر چەند یاریزانێک کراوە، بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوو یانەکە گرێبەستیان لەگەڵدا بکات و پارتی زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەش هاوڕای ئەو ئەندامانەی دەستەی کارگێڕی بووە کە دەنگیان بە تۆماس پارتی داوە، چونکە ئەو یاریزانە لە کۆتایی وەرزدا ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ ئارسیناڵ کۆتایی دێت و بارسێلۆنا دەتوانێت بەبێ بەرامبەر بیگوازێتەوە ریزەکانی.
 
هاوینی رابردووش دیکۆی بەرێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا، زۆر هەوڵیدا تۆماس پارتی بباتە ریزەکانی بارسێلۆنا، بەڵام ئەوکات میکێل ئارتێتا رەتیکردەوە دەستبەرداری پارتی ببێت.
 
تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوە نییە کە کارگێریی یانەی ئارسیناڵ و خودی میکێل ئارتێتای راهێنەریش بیانەوێت گرێبەستی پارتی نوێبکەنەوە، بۆیە هەلێکی باش لەبەردەم بارسێلۆنادا هەیە کە لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا پارتی بگوازێتەوە ریزەکانی، بەتایبەتی کە زۆر لە سەرچاوەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن کە خودی پارتیش زۆر حەزدەکات درێسی بارسێلۆنا لەبەربکات.
 
بارسێلۆنا بەهۆی ئەو بارودۆخە داراییە زەحمەتەی لەدوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، تووشی هاتووە، سیاسەتێکی تایبەت بە گواستنەوەکانی گرتووەتەبەر و زیاتر بایەخ بە گواستنەوەی ئەو یاریزانانە دەدات، کە ماوەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ یانەکانیان کۆتاییهاتووە و بوونەتە یاریزانی ئازاد، بۆ ئەوەی بەبێ بەرامبەر بیانگوازێتەوە.