مانچێستەر یونایتد ئەفسانەکەی دەردەکات

رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی مانچێستەر یونایتد، بڕیارێکی شۆکهێنەر سەبارەت بە ئەفسانەکەی، ئەلیکس فێرگسۆن دەدات و پێشبینی دەکرێت ناڕەزایی هاندەرانی بەدوایدا بێت.
 
خاوەنانی یانەی مانچێستەر یونایتد بڕیاریان داوە ئەلیکس فێرگسۆن لە کارەکەی دەربکەن و چیدی مووچەی پێنەدەن.
 
ئەو ئەفسانەیەی یانەی مان یونایتد دوای ئەوەی لە ساڵی 2013 وەک راهێنەر وازیهێنا، لە 17ـی10ـی2013 لەلایەن یانەکەوە کرایە بالیۆزی جیهانییی یانەکە. 
 
بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، یانە بەنێوبانگەکەی ئینگلتەرا لە چوارچێوەی پلانێکی نوێیدا بۆ کەمکردنەوەی مووچە و تێچووەکانی، لە کۆتایی ئەم وەرزەدا مووچە بە فێرگسۆن نادات و ئیدی پۆستەکەی لەدەستدەدات. 
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، سێر جیم راتکلیف، خاوەنی زۆربەی پشکەکانی مانچێستەر یونایتد، هەفتەی رابردوو فێرگسۆنی لەو بابەتە ئاگادارکردووەتەوە و پێیگوتووە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا کۆتایی بە گرێبەستی نێوانیان دێت، کە ساڵانە بڕی 2.8 ملیۆن دۆلار وەک مووچە بە فێرگسۆن دەدرا.
 
ئەلیکس فێرگسۆن، بەگەورەترین ئەفسانەی مانچێستەر یونایتد دادەنرێت، کە لە ماوەی 26 ساڵی مانەوەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، 38 نازناوی بەدەستهێناوە، لەنێویاندا 13 نازناوی پرێمەرلیگ، دوو چامپیۆنزلیگ و پێنج جامی یەکێتیی ئینگلتەرا. بۆیە چاوەڕوان دەکرێت ئەم بڕیارە ناڕەزایی هاندەرانی ئەو یانەیەی لێبکەوێتەوە، کە فێرگسۆنیان زۆر خۆش دەوێت.