سێ لایەن لە دژی مۆندیالی یانەکان سکاڵا لەسەر فیفا تۆماردەکەن


رووداو دیجیتاڵ

وێڕای بڕیاری فیفا بەئەنجامدانی مۆندیالی یانەکان لە هاوینی داهاتوودا بەڤێرژنێکی نوێ و زیادکردنی ژمارەی یانە بەشدارەکان، بەڵام رۆژانە ناڕەزایەتی نوێ دێتە بەردەم پاڵەوانێتییەکە.
 
فیفا بڕیاریداوە بەبەشداری 24 یانە لەسەرانسەری کیشوەرە جیاوازەکانی جیهان، لە هاوینی داهاتوودا لە ئەمریکا، مۆندیالی یانەکان بەشێوازێکی نوێ بەڕێوەببات و 12 یاریگەی ئەو وڵاتەی بۆ رووداوەکە تەرخانکردووە.
 
لە نوێترین دژوەستانەوەی پاڵەوانێتییەکەدا، دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان 'فیفپڕۆ' لەگەڵ دەستەی خولەکانی ئەوروپا و دەستەی لالیگا، سکاڵایەکی فەرمییان لە دژی فیفا، لای کۆمیسیۆنی ئەورووپا تۆمارکرد.
 
ئەو سێ لایەنە سکاڵاکارە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا نێوەڕۆکی سکاڵاکەیان ئاشکراکرد کە ناڕەزایەتییە لە خشتەی یارییە نێودەوڵەتییەکان و ئەو بڕیارانەی پەیوەندییان بەڤێرژنی نوێی مۆندیالی یانەکانەوە هەیە.
 
سێ لایەنەکە گوتوویانە، "بەدبەکارهێنانی باڵادەستی" لەلایەن دەستەی کۆنترۆڵکاری تۆپی پێوە لە جیهاندا ئەنجامدەدرێت.
 
دەستەی خولەکانی ئەوروپا، 39 خولی جیاواز دەگرێتەوە لە نێویاندا پرێمەرلیگ، هەروەها 1130 یانە لە 33 دەوڵەتی جیاواز. لالیگا ئەگەرچی ئەندامی ئەو دەستەیە نییە، بەڵام چووەتە پاڵ سکاڵاکارەکان.
 
پێشتر گلەیی زۆر لە ژمارەی زۆری یارییەکان لە وەرزی 2024 - 2025 لەلایەن یاریزانانەوە هەبوو، سکاڵای سێ لایەنەکە، نوێترین ناڕەزایەتییە لەبارەی هەمان دۆخەوە.
 
بەپێی راگەیێنراوی فیفا، لە وەشانە نوێیەکەی مۆندیالی یانەکاندا 12 یانەی ئەوروپی بەشداری دەکەن، کە لە 15ی مانگی شەش تاوەکو 13ی مانگی حەوتی 2025 بەبەشداری 32 یانە لە شەش کیشوەری جیاواز، بەڕێوەدەچێت.
 
دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان پێیوایە، پاڵەوانێتییەکە خاڵی وەرچەرخانە لە کارنامەی تۆپی پێدا و کاریگەریی لەسەر توانای یاریزانان دروستدەکات لە پشووی نێوان وەرزەکاندا.