زانیاری نوێ لەسەر تۆماتبارکردنی ئێمباپێ بە دەستدرێژیی سێکسی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ دەستدرێژیی سێکسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دیدێ دیشام، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا، نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن کە کیلیان ئێمباپێ، کاپتنی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە سوێد لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە لەسەر حاڵەتێکی دەستدرێژیی سێکسی. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تۆمەتانە "باش نین" بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی.
 
دوابەدوای بردنەوەی فەرەنسا بە دوو گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە بەلجیکای میوانداری لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا، دیشام وەڵامی پرسیارەکانی سەبارەت بە ئێمباپێی تەمەن 25 ساڵی دایەوە، کە بەشداری لە هەفتەی یارییە نێودەوڵەتییەکانی ئەمجارەدا نەکرد، بەبیانووی ئەوەی بەتەواوی لەو پێکانە چاک نەبووەتەوە کە بەم دواییە لەگەڵ ریال مەدرید تووشی بوو.
 
رۆژنامەی ئێکسپرێسنی سوێدی، رایگەیاندووە کە ئێمباپێ دوای سەردانەکەی ئەم دواییەی بۆ ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد، بەتۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لەژێر لێکۆڵینەوەدایە.
 
دیشام داوایکرد هێمنانە مامەڵە لەگەڵ ئەو جۆرە هەواڵانەدا بکەن و ئاماژەی بەوەدا کە لەوانەیە ئەوە کەشێکی نەرێنی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا دروست بکات.
 
راهێنەرە فەرەنسییەکە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "هەموو کەسێک ئازادە ئەوەی دەیەوێت بینووسێت، بەڵام کەشێکی نەرێنی دروست دەکەن. پێویستە میدیاکان وریا بن لەکاتی قسەکردن لەسەر هەندێک شت".
 
دیشام، گومانی خۆی لە راستگۆیی ئەم راپۆرتە دەربڕی و ئاماژەی بەوەدا کە باشترە هەر رۆژنامەیەک پێش بڵاوکردنەوەی هەر شتێک و هەموو شتێک کەمێک هەنگاو بنێتە دواوە و دڵنیابێت لە هەر هەواڵێک ئینجا بڵاوی بکاتەوە، بەڵام ئەم شتانە زۆر روودەدەن. شتگەلێک هەن کە پشتڕاستکردنەوەیان قورس نییە".
 
راهێنەری فەرەنسا لە لێدوانەکانیدا، کە ماڵپەڕی نیوز سێنتڕاڵ بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە "لە هەر حاڵەتێکدا، من لەو بارەیەوە قسەی لەگەڵ ناکەم، ئەو تەمەنی ئەوەندە گەورەیە کە بزانێت چۆن کاروباری خۆی بەڕێوەببات".
 
لە راپۆرتێکی رۆژنامەی ئەفتۆنبلادێتی سوێدیدا هاتووە کە خانمێک لە هەمان ئەو شەوەی ئێمباپێ لە ستۆکهۆلم بووە، و لەهەمان ئەو هوتێلەدا نووستووە کە ئێمباپێی لێبووە، سکاڵایەکی دژی پیاوێک تۆمارکردووە و بەوەی تۆمەتبارکردووە کە دەستدرێژیی سێکسی کردووەتەوە سەری، بەڵام ناسنامەی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا نەکراوە، لەکاتێکدا رۆژنامەی ئێکسپرێسن دواتر ئێمباپێی وەک تۆمەتبار ناساندووە.
 
لە بەرامبەردا کیلیان ئێمباپێ ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە و لە هەژمارەکانی سۆشیال میدیای خۆیدا بە "هەواڵی ساختە" وەسفی کرد.
 
ئێستا هەڵبژاردەی فەرەنسا بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیی کۆمەڵەی دووەمی خولی نەتەوەکاندایە و بە خاڵێک لەدوای هەڵبژاردەی ئیتاڵیای پێشەنگەوەیە، هاوکات بەلجیکا بە 4 خاڵ لە پلەی سێیەمدایە، تەنیا دوو گەڕ ماوە بۆ کۆتاییهاتنی قۆناخی کۆمەڵەکان، و تیپی دیشام  نزیکە لە سەرکەوتن بۆ قۆناخی چارەکی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
 
پێشتر راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا، رایانگەیاند کە ئێمباپێ لە یانەیەکی شەوانە لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لە هەمانکاتدا دەرکەوتووە کە هەڵبژاردەی فەرەنسا یاری بەرامبەر ئیسرائیل لە نەیشنسلیگدا دەکرد، کە بە بردنەوەی فەرەنسا بەئەنجامی 4-1 کۆتاییهات.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی فەرەنسا ئاشکرایانکرد کە ئەو هەڵوێستەی ئێمباپێ کاردانەوەی بەرفراوانی هاندەرانی فەرەنسای لێکەوتووەتەوە و لێشاوێک رەخنەیان لە ئەستێرەی ریال مەدرید گرت، بەتایبەتی کە بەبیانووی پێکانەوە لە کەمپی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئامادەنەبوو.
 
هەرچەندە تۆڕی GFFN پشتڕاستی کردەوە کە ئێمباپێ مۆڵەتی لە یانەی ریال مەدرید وەرگرتووە بۆ ئەوەی بۆ پشوویەکی کورت گەشتی سوێد بکات، بەڵام هاندەرانی فەرەنسا تووڕەیی خۆیان ئاراستەی ئەستێرەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان کرد، بەتایبەتی کە ئەو کاپتنی هەڵبژاردەکەیانە.
 
ئێمباپێ ئەوکاتەی لە یانەکە دەرچوو هەوڵیدا خۆی لە زوومی کامێرای رۆژنامەڤانان بشارێتەوە و دەمامکی بەست بوو، بەڵام دەربازی نەبوو، و وێنەکانی هەرزوو بڵاوبوونەوە.
 
فەرەنسییەکان لە رێگەی سۆشیال میدیاوە چەندین رەخنەیان ئاراستەی کیلیان کردووە، هەندێکیان بۆیان نووسیوە "تۆ یانەی شەوانەت پێ گرنگترە لە هەڵبژاردەی وڵاتەکەت". یەکێکی دیکە بۆی نووسیوە "هەر لە سەرەتادا گومانم هەبوو کیلیان تووشی پێکان بووبێت". یەکێکی دیکەش نووسیویەتی "کیلیان سەلماندی کە نموونەیەکی خراپە بۆ کاپتنایەتی، بەتایبەتیش کە تۆ کاپتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەت بی".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە