ژاپۆنی ترسێنەر دەیەوێت لە راماڵینی هەڵبژاردەکان بەردەوامبێت

 
رووداو دیجیتاڵ

هەڵبژاردەی ژاپۆن بە ئامانجی زیاتر نزیکبوونەوە لە گەیشتن بە مۆندیال لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر ئوسترالیا یاری دەکات.
 
دوای نیوەڕۆیەکی زوو ژاپۆن لە رکابەرییەکانی گەڕی چوارەم میوانداریی ئوسترالیا دەکات، سامۆرای خاوەنی بەهێزترین پێکهاتەیە لە سێ یاریدا سێ بردنەوەی هەیە، 14 گۆڵی تۆمارکردووە و هیچ گۆڵێکی لێنەکراوە، دەیەوێت درێژە بە سەرکێشییەکانی بدات و هەنگاوێکی زیاتر لە گەیشتن بە مۆندیال نزیکببێتەوە.
 
ژاپۆن بەتەواوی پێکهاتەکەیەوە بۆ یارییەکە ئامادەیە، ئەستێرەکانی تیپەکە دەیانەوێت هەم سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنن، هەمیش بۆ چوارەم یاریی لەسەریەک پارێزگاری لە گۆڵەکەیان بکەن.
 
لە بەرامبەردا ئوسترالیا لە سێ یاریی رابردوودا تەنیا یەک بردنەوەی هەیە و چوار خاڵی کۆکردووەتەوە، ئاستی هەڵبژاردەکە زۆر دابەزیووە و دەیەوێت لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بە ئەنجامێکی باشەوە بێتە دەرەوە، بۆ ئەوەی متمانە بگەڕێنێتەوە و لە رکابەریکردن دوور نەکەوێتەوە.
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر راپرسییەک لەبارەی ئەگەری رێژەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ مۆندیال ئەنجامدرا، هەڵبژاردەی ژاپۆن رێژەی 99.99٪ـی بەدەستهێنا و چاوەڕواندەکرێت وەکو یەکەم هەڵبژاردەی ئاسیا بگاتە یارییەکانی مۆندیالی 2026.