رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی کۆریای باشوور درێژەی دایە ئەنجامە باشەکانی و لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا سەرکەوتنی بەرامبەر عێراق بەدەستهێنا.
لە گەڕی چوارەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال و لە قۆناخی سێیەمدا، هەردوو هەڵبژاردە رووبەڕووی یەکبوونەوە و کۆریای باشوور یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە.
یارییەکە لە یاریگەی یۆنین بەڕێوەچوو، پێشکۆتاییهاتنی نیوەی یەکەمی یارییەکە ئۆهـ سی هون گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی کۆریای باشوور تۆمارکرد.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا و دوای تەنیا پێنج خولەک لە دەستپێکردنی نیوەی دووەم، ئەیمەن حوسێن، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق، گۆڵێکی ناوازەی تۆمارکرد و ئەنجامەکەی بۆ هەڵبژاردەی عێراق یەکسانکردەوە.
دوای ئەم دوو گۆڵە، کۆریای باشوور یارییەکی باشتری کرد، لە خولەکی 74 ئۆهـ هیۆن گیو گۆڵی دووەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد.
لە خولەکی 83 لی جای سونگ، بۆ جاری سێیەم تۆڕی هەڵبژاردەی عێراقی هەژاند، بەر لە کۆتاییهاتنی یارییەکە عێراق گۆڵی دووەمی تۆماکرد و یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی کۆریای باشوور کۆتاییهات.
کۆریای باشوور سێیەم بردنەوەی لە رکابەرییەکانی قۆناخی سێیەمی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیال تۆمارکرد و ژمارەی خاڵەکانی لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەم بۆ 10 خاڵ بەرزکردەوە.
هەڵبژاردەی عێراق لە دوای شەش یاری، یەکەمجارە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی دەدۆڕێت و دوای چوار گەڕیش تووشی یەکەم دۆڕانبوو لەم قۆناخەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ