ئەنچێلۆتی هەواڵە ناخۆشەکەی پێش کلاسیکۆی راگەیاند

15-10-2022
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی ریال مەدرید هەواڵێکی ناخۆشی دایە هاندەرانی یانەکەی و تیبۆ کۆرتوا بەشداری لە یاریی کلاسیکۆدا ناکات.
 
رۆژی یەکشەممە کاژێر 17:15 لە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، یاریی کلاسیکۆی نێوان هەردوو یانەی ریال مەدرید و بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت، لە دوایین مەشقەکانی ریال مەدریددا بۆ ئەم یارییە گرنگە کۆرتوا بەشداریی نەکرد، کە تووشی پێکانبووە.
 
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری یانەی شاهانە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی " کۆرتوا بارودۆخیی باشە، بەڵام بەشداری لە کلاسیکۆدا ناکات، ئەو هەندێک راهێنانی کردووە، هەفتەی داهاتوو زیاتر مەشق دەکات، چوارشەممە یان یەکشەممە دەیبینن."
 
ئاندرێ لونین، گۆڵپارێزی ئۆکراینی کە چوار یاریی رابردوو بەشێوەی سەرەکی یارییکردووە، لە لالیگادا بەرامبەر ئۆساسۆنا و خێتافی، لە چامپیۆنزلیگیشدا یاریی چوون و گەڕانەوەی بەرامبەر شاختار، بۆ پێنجەم یاریی لەسەریەک بەرگری لە گۆڵی ریال مەدرید دەکات.
 
دوایینجار کە کۆرتوا بەدرێسی ریال مەدریدەوە یارییکرد لە 18ـی مانگی رابردوو بوو، لە یاریی دێربیی مەدرید لە یاریگەی واندا میترۆ پۆلیتانۆ.
 
ریال مەدرید سەرەڕای بەشدارینەکردنی کۆرتوا، دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات کە تاوەکو ئێستا لەم وەرزەدا بەدەستیهێناون، هیچ یارییەکی لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە