ڤیدیۆ؛ مێسی دەگەڕێننەوە؟ سەرۆکی بارسێلۆنا وەڵامدەداتەوە

15-10-2022
ئیحسان تاهیر
مێسی و لاپۆرتا
مێسی و لاپۆرتا
نیشانەکردن خوان لاپۆرتا لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، دووپاتیکردەوە کە هێشتا متمانەی تەواوی بە تیپەکەی بە سەرکردایەتی چاڤی هێرناندێزی راهێنەر هەیە و گوتی "دڵنیام چاڤی و یاریزانەکانی زۆر ساتەوەختی خۆشمان پێدەبەخشن"، بەڵام رەتیکردەوە باسی گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ ریزەکانی بارسێلۆنا بکات.
 
دوای ئه‌نجامه‌ نائومێدكه‌ره‌كانی یانه‌كه‌ی له‌ چامپیۆنزلیگ، خوان لاپۆرتا، سه‌رۆكی بارسێلۆنا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فەرمیی یانەکەی، پشتڕاستیكرده‌وه‌ کە متمانەی بە چاڤی هێرناندێزی راهێنەر هەیە.
 
بارسێلۆنا مەترسی لەسەرە بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک لە قۆناخی کۆمەڵەکانی چامپیۆنزلیگ دەربکرێت، دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لەسەر یاریگای کامپ لەگەڵ ئینتەرمیلان 3-3 یەکسانبوو.
 
لەو هەڤپەیڤینەدا، کە لە پەراوێزی یاریی کلاسیکۆدا ئەنجامیدا، کە سبەی یەکشەممە لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، لاپۆرتا رایگەیاند، متمانەی بە تیپەکەی لەدەستنەداوە و گوتی "هێشتا هەمان متمانەم بە تیپەکە و ستافی تەکنیکی هەیە، هێشتا تیپەکە خەریکی بنیاتنانەوەییە و هێشتا دەبێت گۆڕانکاری زیاتر بکەین. بەڵام متمانەم بە تیپەکە نەگۆڕاوە، بەتایبەتی بە بوونی چاڤی لە سەرکردایەتیکردنی تیپەکە، هەروەها یاریزانانیش، کە زۆر باشن".
 
ئەو زیاتر گوتی "ئێمە گرێبەستمان لەگەڵ کۆمەڵێک یاریزانی نایاب واژۆکردووە، دڵنیام کە چەندین ساتەوەختی خۆشمان پێدەبەخشن".
 
لەو هەڤپەیڤینەدا پرسیار لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ بارسێلۆنای لێکرا؟ لاپۆرتا لە وەڵامیدا گوتی "بێگومان ئەو هێشتا لە یادی ئێمەدایە، دووشەممەی داهاتوو لە پاریس دەیبینم لە کاتی ئاهەنگی خەڵاتکردنی باڵۆن دۆردا، دەزانم کە بارسێلۆنا بۆ ئەو مانای زۆرە".
 
سەرۆکی بارسێلۆنا زیاتر لەبارەی مێسییەوە گوتی "سەبارەت بە پرسیارەکانی دیکەش لەبارەی گەڕانەوەی لیۆ بۆ یانەکەمان؟ بێگومان ئێمە هەست بە گرنگی مێسی دەکەین، هێشتا زۆر لە کەتەلۆنییەکان درێسی ئەو لەبەردەکەن، بەڵام ئەو ئێستا یاریزانی پاریس سانجێرمانە، نابێت ئێستا باس لە گەڕانەوەی لیۆ بکەین وەک رێزێک بۆ پاریس سانجێرمان، کە قسەکردن لەسەر ئەو پرسە لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نییە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە