پۆگبا ئامانجی داهاتووی بارسێلۆنایە

15-10-2021
ئەحمەد سەنگاوی
ئەحمەد سەنگاوی @ahmadsangawe
A+ A-

یانەی بارسێلۆنا چووە پاڵ ئەو یانانەی کە هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پۆڵ پۆگبا دەدەن.

ماوەی بەسەرچوونی گرێبەستی پۆڵ پۆگبا لەگەڵ یانەی مانچێستەر یونایتد کەمتر لە ساڵێکی ماوە، هەر بۆیە یاریزانە فەرەنسییەکە ئازادە لە کانوونی دووەمی داهاتوو لەگەڵ چ یانەیەک دەست بە دانوستاندن دەکات، ئەمە لەکاتێکدا هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدرید، پاریس سانجێرمان و یوڤێنتوس هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی پۆگبا دەدەن.

تۆڕی هەواڵیی ئی ئێس پی ئێن ئاشکرای کرد: "یانەی مانچێستەر هەوڵەکانی بەگەڕ خستووە بۆ ئەوەی بە گرێبەستێکی درێژخایەن و مووچەیەکی بەرز، پۆگبا بە مانەوە لە ئۆڵدترافۆرد رازیبکات، کە یانە ئینگلیزییکە ئامادەیە مووچەی هەفتانەی پۆگبا بۆ 400 هەزار پاوەند بەرز بکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا مووچەی هەفتانەی ئێستای پۆگبا 290 هەزار پاوەندە".

تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێن باس لەوە دەکات: "مینۆ رایۆلا، بریکاری کارەکانی پۆڵ پۆگبا بەر لە دانوستاندن لەگەڵ مانچێستەر، دەیەوێت نییەت و هەڵوێستی هەموو ئەو یانانە بزانێت کە دەیانەوێت پۆگبا بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، بەڵام یانەی بارسێلۆنا یەکێکە لەو یانانەی دەیەوێت بەبێ بەرامبەر یاریزانە تەمەن 27 ساڵەکە بگوازێتەوە، بەڵام گرفتی بەردەم یانەی بارسێلۆنا ئەوەیە رایۆلا پاداشتی دارایی دەوێت، هەروەها یاریزانەکە داوای مووچەیەکی بەرز دەکات".

یانەی بارسێلۆنا بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، هەربۆیە یانەکە دەستبەرداری چەندین ئەستێرەی بووە ، بەرێژەیەکی بەرچاو مووچەی یاریزانەکانیشی کەمکردووەتەوە، ئەمە لەکاتێکدا مینۆ رایۆلا داوای پارەیەکی خەیاڵی دەکات بۆ هەر یانەیەک کە پۆگبای بوێت، ئەمەش ئاستەنگی بۆ ئامانجەکەی بارسا دروست کردووە، بەڵام هێشتا بارسا دەیەوێت دەرچەیەکی یاسایی بۆ گواستنەوەی پۆگبا بدۆزێتەوە". 

لە بەرامبەر هەنگاوەکانی رایۆلا، یانەی مانچێستەریش دەستی بە جوڵە کردووە، بۆ ئەوەی شوێنگرەوەی پۆگبا بدۆزێتەوە، بۆیە ئامادەیە لە بەرامبەر 42 ملیۆن پاوەند ئۆرلین تچوامینی تەمەن 21 ساڵی یاریزانی یانەی مۆناکۆی فەرەنسی بۆ ریزەکانی بگوازێتەوە، ئەمە لەکاتێکدا مۆناکۆ بە کەمتر لە 50 ملیۆن پاوەند ئامادە نییە دەستبەرداری ئەستێرە فەرەنسیاییەکە ببێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە