یانەی ریال مەدرید سەبارەت بە پێکانی مۆدریچ راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە

رووداو-هەولێر

یانەی ریال مەدرید راگەیێندراوێکیان سەبارەت بە پێکانی لوکا مۆدریچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی تیپەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند کە یاریزانەکە لە رانی راستیدا پێکانی هەیە.

هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون کە ماوەی دوورکەوتنەوەی ئەو یاریزانە کرواتیا بزانن، بەڵام لە بەیاننامەکەی ریال مەدریددا بەهیچ شێوەیەک باسی ماوەی دوورکەوتنەوەی یاریزانەکە نەکراوە، دەقی راگەییێندراوەکەش بەم شێوەیەیە.

" دوای پشکنینی پزیشکی بۆ یاریزان لوکا مۆدریچ، بۆمان دەرکەوت کە ئەو یاریزانە لە ماسوولەکەکانی رانی راستیدا تووشی پێکان و لێدان بووە، دەرئەنجامی پشکنینەکانی رۆژی سێ شەممە ماوەی دوورکەوتنەوەی مۆدریچ دیاری ناکەن، پێویستە پشکنینی زیاتری بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بە دروستی دڵنیاببینەوە کە ئەو یاریزانە چەند دووردەکەوێتەوە".

بەپێی رۆژنامە و ماڵپەڕە وەرزشییەکانی ئیسپانیا، ئەو یاریزانە بەشێوەیەکی سەرەتایی بۆ یاری داهاتووی یانەکەی بەرامبەر بە یانەی ریال مایۆرکا دوورخراوەتەوە، لە ماوەی داهاتووشدا دەردەکەوێ کە ئایا بۆ یارییەکەی گالاتاسەرای و یاری کلاسیکۆ ئامادەدەبێت یان نا.

لوکا مۆدریچ یەکشەممەی رابردوو لە یاری هەڵبژاردەکەی بەرامبەر بە هەڵبژاردەی وێڵز تووشی پێکان بوو، هەر لەو یارییەشدا گارێس بەیڵ پێکرا و هێشتا دیار نییە ئەویش چەند دووردەکەوێتەوە.