چاره‌سه‌ری هەڵبژاردەی ئەڵمانیا ته‌نیا له‌ده‌ست پیاوێكدایه‌

15-10-2019
رووداو وەرزشی
نیشانەکردن هه‌ڵبژارده‌ی ئەڵمانیا یواكیم لۆف یۆرگن کڵۆپ
A+ A-

د.دلێر کوردە رواندزی

لە دوای شکستی گەورەی ئەڵمانیا لە قۆناخی هەشتی مۆندیالی 1998 بەرامبەر کرواتیا، ئیتر رەخنەی زۆر ئاراستەی هەڵبژاردەکە کران لەلایەن ئەو هەوادارە زۆرەی کە ئەڵمانیا لە سەرتاسەری جیهان دا هەیەتی، بەڵام بۆ مۆندیالی 2002 گۆڕانکاریەکی سەرتاسەری دەستیپێکرد لە هەموو ئاستەکان و بەشێکی زۆری یاریزانی نوێ هاتنە هەڵبژاردەکە و بێرتی ڤۆگتسیش کە لە ساڵانی 1990 تا 1998 راهێنەری مانشافت بوو گۆڕا بە رۆدی ڤۆڵەر، کە لە 2000 تاوه‌كو 2004 بووە راهێنەری ئەڵمانیا.

لە مۆندیالی 2002 کە سەرەتای نوێبوونەوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بوو لەگەڵ ئەوەی ئەڵمانیا بە بوونی هەڵبژاردەی زۆر بەهێزی تر لەو کاتەدا پاڵێوراوێکی سەرەکی نەبوو بۆ بەدەستهێنانی جامەکە، بەڵام کەوتە گروپێکی ئاسان و سەرەتای دروستبوونی باشترین هێرشبەری ئەڵمانیاش بوو کە مێرۆسلاڤ کلۆزە بوو، کە بە میراتگری بێرهۆف ناوزەد کرا لەگەڵ هەڵبژاردەی سعودیە 3 گۆڵی جوانی کرد.

لەقۆناخی شانزەو چارەگی کۆتایی و نیوەی کۆتایی بەرامبەر هەریەکە لە پاڕاگوای و ئەمریکاو کۆریای باشوور یاری کرد زۆر بە زەحمەت چووە یاری کۆتایی و بەرامبەر بەڕازیل یاریەکەی دۆڕاند و بەڵام لە مۆندیالی 2006 زۆر بە ئاست بەرزتری بەدەرکەوت کە ئەوکات کلینزمان راهێنەر بوو کە لە 2004 بۆ 2006 بەردەوام بوو، بەڵام ئەڵمانیا لەنێو خاکی خۆی لە یاری پێشکۆتایی لە یارییەکی دراماتیکی بەرامبەر ئیتاڵیای گرێکوێرەی بە درێژایی مێژوو دۆڕا و بەڵام پلەی سێیەمی بەدەستهێنا، دوای ئەمە یواخیم لۆف سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەڵمانیای کرد واتا لە 2006ەوە تا ئێستا، لە مۆندیالی 2010ی ئەفریکیای باشوور ئەڵمانیا ئاستێکی باشی پێشکەشکرد، بەڵام دیسان لە یاری پێشکۆتایی رووبەڕووی تیپێکی پاڵێوراو و بەهێزبووەوە کە ئیسپانیا بوو و یارییەکەی پێدۆڕاند و ریزبەندی سێیەمی پێبەخشرا دوای ئەوەی بەرامبەر هەڵبژاردەی ئۆروگوای بردییەوە.

ئیدی بەرنامەکەی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا کە بۆی دانابوو لەسەری بەردەوام بوو و تا لە مۆندیالی بەڕازیلی 2014 ئەڵمانیا ئاستێکی ناوازەی پێشکەشکرد، بەتایبەتی دوو هەڵبژاردەی پاڵێوراوی لە جامەکە بێبەشکرد کە ئەوانیش بەرازیل و ئەرجەنتین بوون و بۆ چوارەم جار ئەڵمانیا بوو بە پاڵەوان، دوای ئەمە لۆف هەر بەردەوام بوو لە ئەرکی راهێنەرایەتی و لە جامی کیشوەرەکانیش بوو بە پاڵەوان لە رووسیا بە هەڵبژاردەیەکی تەواو لاو، بەڵام لە دەستپێکی مۆندیالی رووسیا لە 2018 و دوای ئەوەی لۆف ئامادەنه‌بوو یاریزانە لاوەکان بانگهێشت بکات، ئەڵمانیا تووشی شکستێکی گەورە بووەوەو هەر له‌ قۆناخی کۆمەڵەکان مالئاواییکرد، زۆربەی چاودێرانی وەرزشیش ئەمەیان چاوەڕێ دەکرد بەهۆی نوێنەکردنەوەی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە کەسانی لاو، ئەمەش وایکرد لە خولی نەتەوه‌کانی ئەوروپاش شکست بێنێت بەرامبەر هەریەک لە فەرەنسا و هۆڵەندا ئەگەرچی سێکوچکەی یاریزانانی یانەی بایرنی لە هەڵبژاردە دوورخستەوە ئەوانیش مۆلەر و بواتینگ و هۆمێڵس بوون.

دوای هەموو ئەم شکستانە ماوەیەکی کورتە لۆف یاریزانی لاوی هێناوەتە نێو هەڵبژاردەی ئەڵمانیا و بەشێکی زۆری یاریزانە بەشداربووەکانی مۆندیالی رووسیاش دوورخراونەتەوە، هەرچەندە ئەم هەنگاوەی لۆف درەنگ کەوتبوو دەبووایە بەر لە مۆندیالی رووسیا ئەم کارەی کردبا، کەچی خۆی تووشی رەخنەی تووندو تووندتر کردەوە  بەتایبەتی دوای ئەو ئاستە خراپەی ئەڵمانیا بەرامبەر هۆڵەندا پێشکەشیکرد لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆی 2020 کە لەنێو یاریگای خۆی 4 ـ 2 شکستی هێناو تەنانەت یارییە دۆستانەکەی بەر لە چەند رۆژێک بەرامبەر ئەرجەنتین خەریک بوو ئەڵمانیا تووشی شکستێکی گەورەتر بکاتەوە.

گێمی یەکەم ئەڵمانیا باش یاریکرد و 2 گۆڵی تۆمارکرد، کەچی لە گێمی دووەمدا ئەرجەنتین و گۆڕانکارییەکانی سکالۆنی راهێنەر وایکرد یارییەکە یەکسان بکاتەوەو رەنگ بوو پێشیش بکەون ئەگەر یارییەکە زیاتر درێژەی کێشابا.

پرسیارەکە ئەوەیە؟ ئایا کاتی گۆڕینی لۆف نەهاتووە؟ ئەی ئەگەر هاتووە بۆچی یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا نایگۆڕن و مکوڕن لەسەر مانەوەی؟ چۆن دەبێ هەڵبژاردەیەکی گەورەی وەک ئەڵمانیا تەنیا هەڵبژاردەی یەک گێم بێ و گێمی دووهەم ئاستی خراپ بێ و دابەزێ ؟ ئەی گێمی دووەم گێمی راهێنەران نییە؟.

هەموو بۆچوونی ڕۆژنامەکانی ئەڵمانیا و چاودێرانی وەرزشیش تەواو گەیشتوونەتە سەر ئەو رایەی کە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پێویستی بە ئەقڵیەتێکی نوێ هەیە لە ئیدارەداندا بەتایبەتی کادیری راهێنەران، هەرچەندە پڕۆژەکەی یەکێتی تۆپی پێێ ئەڵمانیا کە رەنگە بۆ کۆتاییەکانی 2022 تەواوبێت ئومێدبەخشن لەسەر بە پڕۆفیشناڵکردنی پێگەیاندنی یاریزان و راهێنەر و تەنانەت ناوبژیوانیش، بەڵام هەوادارانی ئەڵمانیا چاوەڕێی زیاتر دەکەن لەم هەڵبژاردەیە بەتایبەتی ئیستیحقاقێکی گرنگ لەبەردەم ئەو هەڵبژاردەیە کە ئەویش یۆرۆی 2022ه‌، کە بە بوونی هەڵبژاردەی زۆر بەهێزی وەک ئینگڵتەرا، ئیتاڵیا، فەرەنسا، هۆڵەندا، پورتوگال و بەلجیکاش قورسە و رەنگە مەحاڵیش بێ بەم ئاستە ناجێگیر و شڵۆقەی ئێستا ئەڵمانیا بتوانێ کێبڕکێ بکات ئەگەرچی هەموو کاتێک ئەڵمانیا بەو هەژموونە مێژووییەی هەیەتی پاڵێوراوی بردنەوەی پاڵەوانێتییەکانە ئەگەر پاڵێوراوی سەرەکیش نەبێ.

هەمووان گشتگیرن لەسەر ئەوەی پێویستە لۆف ئەگەرچی بۆندەکەی درێژکراوەتەوە بۆ دوای یۆرۆی 2022 کە بەدرێژترین ماوە دادەنرێت لە مێژووی ئەڵمانیا بۆ راهێنەرێک سەرکردایەتی کادیری تەکنیکی ئەڵمانیای کردبێ، بەڵام پێویستە خۆی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت و بۆ کەسێکی شیاوتر و بە ئەقڵیەتێکی نوێ، زۆربەی هەرەزۆری هەوادارانی مانشافت لەسەر ئەوە کۆکن کە تەنیا یۆرگن کڵۆپ تیماری برینەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا دەکات لە ئێستاو بۆ داهاتوویەکی دووریش بەهۆی ئەو دووربینەی هەیەتی بەتایبەتی لە پەرەپێدانی ئاستی یاریزانانی لاودا، بەڵام پێناچێت نە یەکێتی تۆپی پێی ئەڵمانیا دووریخاتەوە تا کۆتایی گرێبەستەکەی و نە خۆیشی دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە