دوو یاریزانی ریال مەدرید گەڕانەوە


رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ رۆژی یەکشەممە، دوو ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید گەڕانەوە راهێنانە بەکۆمەڵەکانی یانەکە و پێشبینی دەکرێت ئەم هەفتەیە بۆ چامپیۆنزلیگ ئامادە بن.
 
جود بێلینگهام، ئەستێرەی ئینگلیزی یانەکە دوای ئەوەی پێش نزیکەی سێ هەفتە تووشی پێکان بوو، ئەمڕۆ گەڕایەوە راهێنانە بەکۆمەڵەکانی ئەو یانەیە و چەند سەرچاوەیەک ئەوەیان راگەیاند کە دەکرێت ئەو یاریزانە بۆ یارییەکەی شتوتگارت لە چامپیۆنزلیگ ئامادە بێت، بێلینگهام گۆڵکاری وەرزی رابردووی یانەی ریال مەدرید بووە و گرنگییەکی تایبەتی بۆ یانەکە هەیە، نەبوونی ئەو یاریزانە لە پێکهاتەی یانەی شاهانە لە چەند هەفتەی رابردوودا کاریگەرییەکی روونی لەسەر ئاستی یانەکە هەبوو.
 
ئوریلێن چۆمینی، دوو هەفتە لەمەوپێش و لە کاتی یاری هەڵبژاردەکان، تووشی پێکانێک بوو کە وایکرد لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە، پێکانی ئەو یاریزانە سەخت نەبوو و راگەیەندرا، ئەمڕۆ ئەو ئەستێرە فەرەنسییە گەڕاوەتەوە راهێنانەکانی یانە مەدریدییەکە.
 
یانەی ریال مەدرید دوێنێ شەممە، لە یاریگەی ئانوێتا لە یانەی ریال سۆسیدادی بردەوە و سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا، رۆژی سێشەممەی داهاتوو لە دەستپێکی یارییەکانی چامپیۆنزلیگ، ئەو یانەیە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ رووبەڕووی یانەی شتوتگارتی ئەڵمانی دەبێتەوە.