ئەمشەو یوسف ئەمین بەرامبەر بنزیما یاریدەکات

رووداو هەولێر
 
ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڕی سێیەمی خولی رۆشنی سعودی، کاژێر 21:00 یانەی ئیتیحاد یاری لەگەڵ یانەی وەحدە دەکات. کە تێیدا یاریانی کورد یوسف ئەمین رووبەڕووی کەریم بنزیمای ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید دەبێتەوە.
 
یوسف ئەمین، تاکە ئەستێرەی کورد لە خولی سعودی وەرزی ئەمساڵ گرێبەستی لەگەڵ یانەی وەحدە واژۆکرد و یارییەکیشی لەگەڵ تیپە نوێیەکەیدا ئەنجامداوە، لە یارییەکەی بەرامبەر یانەی ئتیحاد ئەم ئەستێرە کوردە یاری بەرامبەر کەریم بنزیمای ئەستێرەی یانەی ئیتیحاد دەکات.
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەی کوردی یانەی وەحدەی سعودی، لەبارەی یەکەم ئەزموونی لەو وڵاتە لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو، رایگەیاند "راستە سعودیە وڵاتێکی زۆر گەرمە ژیانکردن لەوێ ئاسان نییە، بەڵام بەوە دڵخۆشم بەرامبەر ئەستێرە گەورەکان یاریدەکەم و ئەمە شانازییەکی گەورەم پێدەبەخشێت".
 
یانەی ئیتیحاد دەستپێکێکی بەهێزی لە خولی سعودی هەیە و دوو یاری رابردووی بە بردنەوە تەواوکردووە، یانەی وەحدە یارییەکی بردووەتەوە و یارییەکیش یەکسانبووە.
 
یوسف ئەمین، ئەستێرەی یانەی وەحدە، تەمەنی 21 ساڵە، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و ئاستێکی بەرزی لە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 پێشکەشکردووە، پێشتر لە خولی ئەڵمانی لە ریزی یانەکانی ڤیکتۆریا کۆڵن و ئینتراخت براونشفانگ یاریکردووە.
 
لای خۆیەوە نەعیم تەمیم، شرۆڤەکاری وەرزشی سعودی، بۆ رووداو گوتی "یوسف ئەمین یاریزانێکی ناوازە و بەهێزە بۆ خولی سعودی بەشێوەیەک یەکەمجارە یانەی وەحدە ئەستێرەیەکی عێراقی دەهێنێتە ریزەکانی، یوسف ئەمین بەڕاستی ئەستێرەیەکی گەورەیە و لە ئەکادیمیای یانەی بۆرووسیا دۆرتموند پێگەیشتووە، پێموایە یەکێکە لە بەهرەمەندە باشەکان و لەو پڕۆژەیەی خولی سعودیە کە دەمانەوێت داهاتووی خولەکە بەهێزتر بکەین و دڵنیام وەک خۆشی زۆر سوودمەند دەبێت لەنێو ئەستێرە گەورەکانی وەک رۆناڵدۆ و بنزیما لەگەڵ ریاز مەحرەز کە تواناکانی زیاتر دەردەکەون". 
 
ئەستێرە کوردەکەی یانەی وەحدەی سعودی، ساڵانێکی زۆرە لەگەڵ ماڵباتەکەی لە ئەڵمانیا ژیان دەکەن، ئەکادیمیا و یانەکانی ئەو خاڵی دەستپێکی ژیانی وەرزشیی یوسف ئەمین بوو. 
 
ئەو شرۆڤەکارە سعودیە زیاتر روونیکردەوە "ستافێکی ئەڵمانی کاروباری هونەری یانەی وەحدە بەڕێوەدەبەن، واتە بەشێوەیەکی باش شارەزای شێوازی یاریکردنی یوسف ئەمین و تواناکانین، پێموایە داهاتوویەکی گەورەی هەیە و هیوای من ئەوەیە هاوشێوەی نەشئەت ئەکرەم ببێتە یەکێک لە ناوە لەبیرنەکراوەکانی خولی سعودی، چونکە سەیری یارییەکانیم کردووە لە هەڵبژاردەی عێراق، بەڕاستی یاریزانێکی ئاستبەرزە و خاڵی بەهێزی تیپەکەیەتی". 
 
یانەی وەحدەی سعودی لە 1946 دامەزراوە و لە شاری مەککەیە، وەزارەتی ناوخۆی سعودیە پاڵپشتی دارایی دەکات.