رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، دڵخۆشیی خۆی بەسەرکەوتنی تیپەکەی بەسەر ریال سۆسیێداد دەربڕی، لە گەڕی پێنجەمی لالیگا، یارییەکەی بەقورس ناوبرد و دووپاتیکردەوە یاری دوای یاریی هەست بەباشبوونی زیاتر دەکات.
ریال مەدرید بووە میوانی ریال سۆسیێداد لەسەر یاریگەی ئانوێتا و بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، کە ڤینیسیۆس جۆنیۆر و کیلیان ئێمباپێ لە رێگەی لێدانی سزاوە تۆماریانکرد، سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
کیلیان لە دوای یارییەکە قسەی بۆ کەناڵی ریال مەدرید کرد و گوتی، "بەرلەیارییەکە دەمانزانی ئەرکەکە قورسە، بەڵام لە کۆتاییدا براوەبووین، ئەگەرچی لەسەرەتاوە بەدەست تیپێکی گەورەوە ناڵاندمان، بەڵام لە کۆتاییدا بەبەدەستهێنانی ئامانجەکەمانەوە گەڕاینەوە ماڵەوە، دەبێ لەسەر هەمان ریتم بەردەوام بین، چونکە پێویستمان بەبردنەوەی زۆر یاریی هەیە بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی کە دەمانەوێت".
کیلیان هەروەها دەڵێ، "لە هەموو یارییەکدا هەست بەباشبوونی زیاتر دەکەم، تێدەگەم تیپەکەم و هاوڕێکانم چییان دەوێت، دڵنیام لەوەی رۆژی سێشەممەی داهاتوو باشتر دەردەکەوم، چونکە دەمەوێت یەکەم سەرکەوتن لە چامپیۆنزلیگدا بەرامبەر شتوتگارت بەدەست بهێنم".
ئێمباپێ لە خولەکی 74ی یارییەکەدا گۆڵی دووەمی ریال مەدریدی تۆمارکرد لە رێگەی لێدانی سزاوە، ئەو زیاتر لەبارەی چامپیۆنزلیگەوە قسەیکردووە و دەڵێ، "چامپیۆنزلیگ پاڵەوانێتییەکی زۆر گرنگەن، وەک لە رۆژی یەکەمی هاتنمدا بۆ ریال مەدرید گوتم، هاتووم بۆ ئەوەی لەو ساتانەدا بژیم، چاوی زۆرم لەسەر بردنەوە و دەستپێکردنێکی باشە".
لەبارەی ئاڵوگۆڕی جێبەجێکردنی لێدانە سزاکان لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، ئێمباپێ دەڵێ، "لە راستیدا هەوڵدەدەین بەدوای یەکدیدا بگەڕێین لە یارییەکان و مەشقەکانیشدا، بۆ ئەوەی هاوئاهەنگ بین، چونکە دەزانین کە دەتوانین هاوکاریی تیپەکە بکەین".
لە کۆتاییشدا کیلیان دەڵێ، "ڤینیسیۆس یاریزانێکی مەزنە، زۆر دڵخۆشم بە یارییکردن لەگەڵی لە ریال مەدرید. لە لێدانی سزاکاندا گرنگ ئەوەیە گۆڵ تۆماربکرێت، نەک ئەوەی کێ جێبەجێی دەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ