رۆناڵدۆ ناچێتە عێراق

دوێنێ کاژێر 10:44
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی و یانەی نەسڕ ناچێتە عێراق و بەشداری لە یارییەکەی سبەی بەرامبەر یانەی شورتە ناکات.
 
یانەی نەسڕی سعودی، لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "کاپتنی تیپی یەکەمی یانەکەمان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ تووشی پەتایەک بووە، دوای ئەوەی پزیشکەکان هەڵسەنگاندنیان بۆ بارودۆخی تەندروستی یانەکە کرد، بەپێی راپۆرتی پزیشکی بڕیادراوە ئەمڕۆ یاوەری تیپەکە نەکات لەو گەشتەکەیاندا."
 
یانەی نەسڕ لە راگەیێنراوەکەدا، هیوای تەندروستی و چاکبوونەوەی خێرا بۆ ئەستێرە پۆرتوگالییەکە دەخوازێت.
 
ئەم راگەیێنراوەی یانەی نەسڕ لە کاتێکدایە لە ماوەی 24 کاژێری رابردوودا، هەزاران هاندەر لە شارە جیاوازەکانی عێراق چوونەتە بەغدا بۆ ئەوەی بلیتی یاریی نێوان هەردوو یانەی شورتە و نەسڕ بکڕن و لە بازاڕی رەشدا نرخی بلیتەکە گەیشتە سەرووی 200 هەزار دینار.
 
بەپێی زانیارییەکانی دێسکی وەرزشی رووداو، لەکاتی گەیشتنی یانەی نەسڕ بۆ بەغدا، هەریەکە لە عەدنان درجال، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق، ئەحمەد موبەقع، وەزیری لاوان و وەرزش، ئەیاد بونەیان، راوێژکاری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وەرزش و نەشئەت ئەکرەم، ئەستێرەی پێشووی تۆپی پێی عێراق لەگەڵ چەند کەسایەتییەکی دیکەی وەرزشی وڵاتەکە پێشوازی لە یانەکە دەکەن.
 
نەشئەت ئەکرەم، پێشتر لە یانەی نەسڕ یارییکردووە و شەوی شەممە لە ڤیدیۆیەکدا کە لە پەیجی سەرەکی یانە سعودییەکە بڵاوکرایەوە، بەدرێسی نەسڕەوە بەخێرهاتنی یاریزانانی یانەی پێشووی دەکات.
 
رۆژی دووشەممە لە یەکەم یارییاندا لە خولی بژاردەی یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا، یانەی شورتەی عێراقی لە یاریگەی مەدینە میوانداریی یانەی نەسڕ دەکات، یارییەکە کاژێر 19:00 بەڕێوەدەچێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە