ڤیدیۆ؛ ئیکوادۆر بەهۆی یاریزانێکەوە لە مۆندیال دەردەکرێت؟

رووداو دیجیتاڵ

 

پاش یەکلابوونەوەی هەموو شت لەبارەی هەڵبژاردە بەشدارەکانی مۆندیالی قەتەر و دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، رەتیکردەوە هیچ رێوشوێنیک دژ بە هەڵبژاردەی ئیکوادۆر بگرێتە بەر کە بۆ کۆتاییەکانی مۆندیالی قەتەر سەرکەوتووە و لە کۆمەڵەی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە یاریدەکات، جارێکی دیکە، باسوخواسی دوورخستنەوەی هەڵبژاردەکە لە مۆندیال سەریهەڵدایەوە.
 
کێشەی ئیکوادۆرییەکان کە وەک چوارەم هەڵبژاردەی کیشوەرەکە راستەوخۆ بلیتی مۆندیالیان بەدەستهێناوە بۆ بەشداریکردن و یاری پێکردنی یاریزانێک دەگەڕێتەوە کە لە بنەمادا کۆڵۆمبییە و ئیکوادۆرییەکان، وەک سەرچاوەکان دووپاتدەکەنەوە، ساختەکارییان لە ناسنامە و تەمەنیدا کردووە و وڵاتینامەی ئیکوادۆریان داوەتێ، بۆئەوەی لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەدا بەشداری بکات.
 
رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی دەڵێ، بەڵگەی نوێ و بەڵگەنامەی ساختە و تۆماری دەنگی نوێ دراونەتە دەست فیفا کە دەیسەلمێنن بایرۆن کاستتییۆ، کە یاری بۆ هەڵبژاردەی ئیکوادۆر کردووە لە پاڵاوتنەکاندا، لە دایکبووی کۆڵۆمبیایە و فیدراسیۆنی تۆپی پێی کۆڵۆمبیا، داوای سزادان و دوورخستنەوەی ئیکوادۆر دەدات بەهۆی ئەو کارەوە.
 
ئیکوادۆر بڕیارە یاری کردنەوەی مۆندیال بەرامبەر هەڵبژاردەی قەتەر ئەنجام بدات لە رۆژی 20ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا. هەڵبژاردەکە لە کۆمەڵەکەیدا هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی سەنیگال و هۆڵەنداش هەن.
 
بەپێی رۆژنامە بەریتانییەکە، ئیکوادۆر زۆر نزیکە لە دوورخستنەوە لە جامی جیهانی قەتەر، دوای ئەوەی بەڵگەنامەی نوێ دراوەتە دەست فیفا و دانپێدانانی یاریزانێکی ئیکوادۆری تێدا تۆمارکراوە کە باس لە ساختەکردنی تۆماری لەدایکبوون دەکات و رۆژنامەکە دەڵێ، ئەم دانپێدانانە لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیکوادۆرەوە پەردەپۆشکراوە و شاردراوەتەوە.
 
دانپێدانانی کاستییۆ خۆی دراوەتە دەست لیژنەی لێکۆڵینەوەی فیفا کە تێیدا روونیدەکاتەوە، ساڵی 1995 لەدایکبووە، بەڵام ئیکوادۆرییەکان ساڵی لەدایکبوونی ئەویان کردووەتە 1998 و روونیدەکاتەوە ئەو پاسپۆرتی ساختەی بۆ دروستکراوە و وڵاتینامە راستەقینەکەی لەنێوبراوە و ژمارەیەک ناسنامەی جیاوازی هەبووە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی چیلی کە دەخوازێت شوێنی ئیکوادۆر بگرێتەوە لە مۆندیالی قەتەر، دەڵێ کاستییۆ لە هەرێمی تۆماکۆ لە کۆڵۆمبیا لەدایکبووە، بەڵام ئیکوادۆرییەکان شوێنی لەدایکبوونی ئەویان ساختەکردووە و دەڵێن لە ئیکوادۆر لەدایکبووە.
 
فیفا لە مانگی نیسانی رابردووەوە لێکۆڵینەوەی لە دۆسییەکە دەستپێکردووە، بەڵگەنامە نوێیەکان پێدەچێ بڕیاری فیفا لەبارەی بەشداری ئیکوادۆرەوە لە مۆندیال بگۆڕن، بەڵام فیفا دەبێ ئەگەر ئەو بڕیاریدا هاوکات جێگرەوەی ئیکوادۆریش دەستنیشان بکات کە هەندێک دەڵێن چیلی و هەندێکی دیکەش دەڵێن ئیتاڵیا دەبێت، چونکە زۆرترین خاڵی هەیە لە پاڵاوتنەکاندا و سەرنەکەوتووە.