سەرۆکی یانەی زاخۆ هەڕەشەی کشانەوە لە خولەکانی کوردستان دەکات

15-09-2019
رووداو وەرزشی
حەمید سەلمان، سەرۆکی یانەی زاخۆ
حەمید سەلمان، سەرۆکی یانەی زاخۆ
A+ A-

رووداو - هەولێر

حەمید سەلمان، سەرۆکی یانەی زاخۆ دەڵێت ئەوەی لە یاریی نێوان تازەپێگەیشتووانی هەردوو یانەی جیهان و پێشمەرگەی سلێمانیدا روویدا، تۆمارکردنی مێژووییەکی رەشبوو لە تۆپی پێی کوردستان.

سەرۆکی یانەی زاخۆ لە میانەی بەشدارییکردنی لە بۆڵتەنێکی هەواڵە وەرزشییەکانی رووداودا گوتی، ئێمە سکاڵامان تۆمارکردووە و داوای مافی خۆمان دەکەین، چونکە بەشێوەیەکی ناڕەوا دەستوەردان لە ئەنجامی یارییەکان هەیە، ئەمەش بۆ هەموو لایەک جێگەی نیگەرانییە.

سەلمان زیاتر گوتی، داواکاریی ئێمە بۆ مافەکانمان زۆر رەوایە، چونکە دەستەواردان لە ئەنجامەکان هەموو وەرزشوانانی دڵتەنگ کردووە، بۆیەش داواکاریمان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی وەرزش و یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی مافەکانمان وون نەبێت.

حەمید سەلمان لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی، هەڵوێستێکی جددیمان دەبێت، ئەگەر هیچ سزایەک بەسەر یانەکاندا نەسەپێندرێت، چونکە پێشمەرگەی سلێمانی بەدرێژایی خولەکە تەنیا 20 گۆڵی کردووە کەچی لە یەک یارییدا 17 گۆڵی تۆمارکرد، بۆیە ئێمە وەک یانەی زاخۆ چاوەڕێی ئەنجامەکانی کۆبوونەوەی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان دەبین، ئەگەر هاتوو هیچیش نەکرا ئێمە لە زۆر خولی کوردستان دەکشێینە.

حەمید ئەوەی بە رووداو گوت، بەڵگەی پێویستیان لەبەردەستە بۆ ئەوەی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن و گوتیشی ئەوەی روویدا لە خولە میللییەکانیشدا رووینەداوە، بۆیە ئەمە بەهیچ شێوەیەک جێگەی قبوڵ نییە و ناوی وەرزشی کوردستان دەکەوێتە ژێر مەترسی.

قسەکانی سەرۆکی یانەی زاخۆ لە دوای ئەوە دێت کە لە دوایین گەڕی خولی تازەپێگەیشتووانی کوردستان، یانەی پێشمەرگەی سلێمانی 17-1 لە یانەی جیهانی بردەوە و زاخۆ بەجیاوازیی دوو گۆڵ نازناوەکەی لەدەستدا.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە