پرێمەرلیگ لە دەرەوەی بەریتانیا دەکرێت؟

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جێبەجێکاری دەستەی بەڕێوەبردنی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا، قسە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی یارییەکانی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی بەریتانیا دەکات.
 
ریچارد ماستەرز، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی خولەکە لە دوایین هەڤپەیڤینیدا بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی وەرزی نوێی خولەکە بە رۆژێک گوتی "لە ساڵی 2008ـەوە لە هیچ کۆبوونەوەیەکی نێوان یانە بەشدارەکانی پرێمەرلیگ گفتوگۆ لەبارەی ئەگەری بەڕێوەچوونی یارییەکان لە دەرەوەی بەریتانیا نەکراوە."
 
سەرۆکی دەستەکە دەڵێت "فیفا رێگەنادات یارییەکانی خولی نێوخۆی وڵاتان لە دەرەوەی وڵاتەکان بەڕێوەبچێت، بەڵام بابەتەکە دوای سکاڵایەکی کۆمپانیای رێلێڤانت سپۆرتی ئەمریکی بابەتەکە گەیشتە دادگاکان."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ریچارد دەڵێت "گرنگە ئەوە بڵێم، روون نییە لەگەڵ فیفا چی روودەدات، هیچ شتێک گۆڕاوە یان نا، بەڵام دەبێت جەخت لەوە بکەمەوە هیچ پلانێک نییە بۆ ئەوەی یارییەکانی پرێمەرلیگ لە دەرەوەی وڵات بەڕێوەبچن."
 
لە کۆتاییدا سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی پرێمەرلیگ گوتی "ئەگەر گۆڕانکاری لە شێوازی ئێستا کرا، دەبێت راوێژ بە هاندەران بکەین، سەرەڕای ئەوەی کە ناتوانین یارییەکان لە دەرەوە بەڕێوەبچن."
 
وەرزی نوێی یارییەکانی خولی تۆپی پێی ئینگلتەرا رۆژی هەینی دەستپێدەکات، هەردوو یانەی مانچێستەر یونایتد و فولهام لە یەکەم یاریی وەرزەکەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.