یاریزانەکانی ریال مەدرید سەرسامن بە ئێمباپێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ یانەی ریال مەدرید
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ
کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی یەکەم نازناوی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بەدەستهێنا و کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.
 
ئێمباپێ، یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید ئەنجامدا و سەرکەوتوو بوو لەوەی کە گۆڵێک تۆماربکات و هۆکارێک بێت بۆ سەرکەوتنی یانە مەدریدییەکە و بەدەستهێنانی یەکەم نازناو.
 
یاریزانەکانی یانەی ریال مەدرید دەربارەی یارییەکەی جامی سوپەری ئەورووپا و هاتنی ئێمباپێ رای جیاوازیان هەبوو.
 
فێدیریکۆ ڤالڤێردی رایگەیاند  "ئەمشەو زۆر خۆش و تایبەت بوو، وابزانم بەشێوەیەکی زۆر باش دەستمانپێکرد، وەک دوێنێ ئاماژەم پێدا، ئەم وەرزە هەوڵدەدەم گۆڵی زیاتر تۆماربکەم، زیاتر بڕۆمە ناوچەی بەرامبەر، هێرشبەری زۆرمان هەیە بۆیە خەڵک ئێمەی ناوەڕاستکاران لەبیردەکەن. ئەمشەو توانیم ئەو بۆشاییە بدۆزمەوە دوای ئەو لێدانە ناوازەی بێلینگهام و گۆڵ تۆماربکەم".
 
لەسەر ئێمباپێش، گوتی "ئەو زۆر شت بە تیپەکە دەبەخشێت، یاریزانێکی پێگەیشتووە، هەموومان دەزانین ئەو یاریزانێکی نایابە، ئەو هاتووە بۆ ئەوەی زۆر شت بە تیپەکە ببەخشێت، نەک تەنیا لە رووی تۆپی پێوە، بەڵکو بە کەسایەتییەکەی، لە چەند رۆژی رابردوودا، من لە یاریگا بووم لەگەڵ ئەو و زانیم کە یاریزانێکی نایاب و کەسێکی نایابیشە، ئەو نەهاتووەتە یانەکە بۆ ئەوەی ببێت بە سەرکردەی خۆی، هاتووە بۆ ئەوەی سەرکردایەتی تیپەکە بکات، ئێمەش وەک یاریزانەکانی هەمان تیپ دەبێت رێزی بگرین بۆ ئەوەی بتوانێت باشترین ئاست پێشکەش بە یانەکەمان بکات".
 
لە هەمانکاتدا، تیبۆ کۆرتوا، گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدرید، رەخنەی لە قەرەباڵخی خشتەی یارییەکان گرت و رایگەیاند "زۆر یاری ماوە ئەنجامیان بدەین، ئامانجمان هەموو کاتێک بردنەوەیە. ئێمە باشترین دەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە بردنەوەکان، بەڵام دەزانین ئەوە سەخت دەبێت لەبەر ئەو خشتە قەرەباڵخەی یارییەکان. ئەوەی پێمان بکرێت دەیکەین بۆ ئەوەی بەردەوامبین لە بردنەوە، با ببینین دەتوانین چەند دوور بڕۆین".
 
دەربارەی ئێمباپێش، کۆرتوا گوتی "ئەو جیاوازە، خێراییەکی نایابی هەیە، توانای بڕینی بەرزە و شووت لێدەرێکی باشە، یاریزانێکی ناوازەیە لە تیپەکەمان، هەوڵ دەدەین بە هەموو توانامان دەستی پێبگرین".
 
یانەی ریال مەدرید لە یەکەم یاریدا دوای پشووەکانی هاوین توانی سەربکەوێت و نازناوی جامی سوپەری ئەورووپا بەدەستبهێنێت، یانە مەدریدییەکە بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێدا بۆ هەموو یانەکانی دیکەی ئەوروپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە