یەکەم پەیامی ئێمباپێ دوای بردنەوەی جامی سوپەری ئەورووپا

 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ، ئەستێرەی فەرەنسی و یانەی ریال مەدرید، لە یەکەم دەرکەوتنیدا لەگەڵ یانەکە گۆڵی تۆمارکرد و نازناوێکی بردەوە، یاریزانەکە دڵخۆشە لەگەڵ یانەکە و ریال مەدرید بە ماڵی خۆی نێودەبات.
 
کیلیان ئێمباپێ، دوای بردنەوەیان لە ئاتالانتا و بەدەستهێنانی جامی سوپەری ئەورووپا بۆ یەکەمجار بەدرێسی ریال مەدریدەوە قسەیکرد و گوتی "شەوێکی گەورە بوو، زۆر لە مێژە چاوەڕێی ئەم ساتە دەکەم، دەمویست بەم درێسەوە یاری بکەم، لەگەڵ ئەم یانەیە، نازناو ببەمەوە، ئەمە پێویستە لەسەر من کە هەمیشە بیبەمەوە."
 
هێرشبەرە فەرەنسییەکە زیاتر دەڵێت " گرنگترین شت بەلای منەوە چێژ وەرگرتنە لە یاریکردن، ئێمە ریال مەدریدین، هیچ سنوورێکمان نییە، دەتوانم 50 گۆڵ بکەم، بەڵام هەموو شتێک دەکەم بۆ بردنەوە، ئەمە بەلای منەوە گرنگترین شتە."
 
ئێمباپێ لەبارەی یارییکردنی بەدرێسی ریال مەدریدەوە گوتی "چێژم لە یارییکردن وەرگرت لەگەڵ هەمووان نەک تەنیا ڤینیسیۆس و بێلینگهام، ئێمە لە هەموو هێڵەکاندا باشترینمان هەیە، بەدڵنیاییەوە زۆر باش دەبین و لە پێش هەمووشیانەوە من، زۆر دڵخۆشم بەبردنەوەی یەکەم نازناو لەگەڵ یانەکە و یەکەم دەرکەوتنم، ئەمە خەونی من بوو و شێتانە بوو."
 
کیلیان باس لە یارییکردن لەگەڵ یاریزانانی ریال مەدرید دەکات و دەڵێت "زۆر دڵخۆش و بە بەختم کە یاری لەگەڵ ڤینیسیۆس، رۆدریگۆ و بێلینگهام و هەموو تیپەکە دەکەم، دەمەوێت سوپاسی هەمووان بکەن لە یانەکە لە راهێنەر، دەستەی هونەری و هەموو یاریزانەکان کە هاوکاریم دەکەن."
 
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گۆڵکارە فەرەنسییەکە ریال مەدریدی بە ماڵی خۆی نێوبرد و گوتی "هەموو ئامانجی من ئەوەیە بتوانم هاوکاریی تیپەکە بکەم و هەموو هەوڵێکم دەخەمەگەڕ لەپێناو ماڵەکەمدا."
 
کیلیان ئێمباپێ، لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر پەیوەندیی بە یانەی ریال مەدریدەوە کرد، دوای ئەوەی یانەی پاریس سانجێرمانی بەجێهێشت، لە یەکەم یارییدا بەدرێسی ریال مەدریدەوە، گۆڵی تۆمارکرد و نازناوێکی بەدەستهێنا.